شنۆ؛ دەستبەسەرکردنی مەجید دەریایی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردن

١١ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٦:٥٤

هەنگاو؛ شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

مەجید دەریایی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شنۆ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکردن دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، مەجید دەریایی لەلایەن لقی یەکەمی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شنۆ بانگ کراوە و دوای دەستبەسەرکردنی، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەی بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گواستراوەتەوە.

شایانی باسە کە مەجید دەریایی (نەجمەدین) پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شنۆ، بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ساڵێک بەندکردنی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بۆ لقی یەکەمی دادوەریی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شارستانی شنۆ بانگهێشت کرابوو و دوای فەهماندنی تۆمەت، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا ئازاد کرابوو.

مەجید دەریایی پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانیەوە لەلایەن دامەزراوە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و سزای بەندکردن و گوشاری درێژخایەنی بەسەردا سەپاوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە