بەندیخانەی زەنجان؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بەشێوەی نهێنی

سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بەناوی مەهدی گورگیج کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو،

١٧ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٨:٢٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بەناوی مەهدی گورگیج کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بەشێوەی نهێنی و بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٧ی مارسی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بەناوی مەهدی گورگیج تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاری زەهەک سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێکرا.

مەهدی گورگیج ٤ ساڵ پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری زەنجاندا دەستبەسەرکرا و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.

هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەو بەندکراوە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە