ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی شەش بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی بەلووچ لە بەندیخانەی یەزد

هەنگاو؛ هەینی ۲ی جۆزەردانی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی شەش بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی بەلووچ بەناوەکانی محەممەدڕەزا دێهقان دێهنەوەردی، جەواد ڕەزایی، نووروەیس ئەچەک زەهی، وەلی شەهربابەکی، ڕەزا بەیگ و جەواد حەقی کە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان" و "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۲۱ی مەی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی نووروەیس ئەچەک زەهی، بەندکراوی بەلووچی خەڵکی پارێزگای کرمان و چوار بەندکراوی دیکە بەناوەکانی محەممەدڕەزا دێهقان دێهنەوەردی، جەواد ڕەزایی، وەلی شەهربابەکی و ڕەزا بەیگ لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەدڕەزا دێهقان دێهنەوەردی، جەواد ڕەزایی، نووروەیس ئەچەک زەهی، وەلی شەهربابەکی پێشتر بە تۆمەتی" کوشتنی بە ئەنقەست" و ڕەزا بەیگ بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان" دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها دوو حەوتوو پێشتر سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بەناوی جەواد حەقی کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە هەمان بەندیخانە جێبەجێ کراوە.
شایەنی باسە کە ئەو بەندکراوانە ڕۆژی دووشەممە ۲۹ی بانەمەڕی ۲۷۲۲ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گواسترابوونەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو شەش بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.