سوید؛ مەترسی ڕادەستکردنەوەی فەردین محەممەدی سەمانی بەندکراوی سیاسی پێشوو و تۆمەتبارکراو بە موحاربە

فەردین محەممەدی سەمانی، لە بەندکراوانی سیاسی پێشوو و پەنابەری سیاسی کورد مەترسی جددیی ڕادەستکردنەوەی لە وڵاتی سوێد بۆ ئێران لە ئارادا

١٩ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٦:٥٣

هەنگاو؛ شەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

فەردین محەممەدی سەمانی، لە بەندکراوانی سیاسی پێشوو و پەنابەری سیاسی کورد مەترسی جددیی ڕادەستکردنەوەی لە وڵاتی سوێد بۆ ئێران لە ئارادایە. ئەو چالاکە کوردە تۆمەتی "موحاربە"ی لەسەرە و لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەیدا، گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەترسی ڕادەستکردنەوەی فەردین محەممەدی سەمانی، پەنابەری تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی سنە لە وڵاتی سوێدەوە بۆ ئێران لە ئارادایە.

بەوتەی فەردین محەممەدی سەمانی، هەرچەند ئیدارەی پەنابەرانی سوێد داوای پەنابەری ناوبراوی لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی قبووڵ کردبوو، بەڵام لەم دوایییانەدا واتە دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ مەترسی ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران کەوتووەتە ئاراوە.

ئەو چالاکە سیاسییە، ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی حەسەن بابایی بە تۆمەتی "موحاربە و افساد فی الارض لە ڕێگەی هاوکاری لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" سزای دە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە، دوای تێپەڕکردنی ماوەی سێ ساڵ لە ماوەی سزا دە ساڵەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندی ڕامهۆرمزی خووزستان مورەخەسی پێدرا و هەر ئەوکات لەڕووی ناچارییەوە زێدەکەی جێهێشت و بەرەو ئەورووپا ڕۆشت.

هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی فەردین محەممەدی سەمانی، بێجگە لە سزای قورسی ئەشکەنجە، ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە لە ڕێگەی تۆمەتە پێشووەکانی ناوبراویش لە ئارادایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە