تورکیا؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و مەترسیی ڕادەستکردنەوەی محەممەد عەباسپوور، پەنابەری سیاسیی خەڵکی شووشتەر بۆ ئێران
هەنگاو؛ دووشەممە ۴ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
محەممەد عەباسپوور، پەنابەری سیاسیی خەڵکی شووشتەر کە لە ۴۵ ڕۆژ پێشترەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە، دوای گواستنەوەی بۆ یەکێک لە کەمپەکانی نیشتەجێکردنی کاتیی تورکیا، مەترسیی ڕادەستکردنەوە و گەڕاندنەوەی بۆ ئێران لە ئارادایە. ئەو پەنابەرە ماوەی سێ ڕۆژە کە مانی لە خواردن گرتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد عەباسپوور، پەنابەری سیاسیی تەمەن ۴۵ ساڵی خەڵکی شاری شووشتەر سەر بە پارێزگای خووزستان لە کەمپی «پاڵەوان کۆی» شاری ئەدیرنەی تورکیا ڕاگیردراوە و مەترسیی ڕادەستکردنەوە بۆ ئێران لە ئارادایە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە محەممەد عەباسپوور ڕۆژی هەینی ۱۸ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تورکیا دەستبەسەر کراوە. محەممەد عەباسپوور بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی زۆرەملێی ماوەی سێ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.
ئەو پەنابەرە سیاسییە، لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران لەگەڵ مەترسیی سەپاندنی سزای قورس و نامرۆڤانە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕوو دەکرێتەوە.
محەممەد عەباسپوور لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وەکوو چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دانیشتووی هەرێمی کوردستان بووە و بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتێکی ئەمن هەرێمی کوردستانی بەجێ هێشتووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە ئەگەری دیپۆرتکردنی ئەو پەنابەرە کوردە بۆ ئێران و مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەشکەنجە و سزای نامرۆڤانە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ڕەوتی ڕادەستکردنەوەی ناوبراو لە لایەن حکومەتی تورکیا و ڕەچاوکردنی بنەما مافی مرۆڤییەکان لە هەڵسوکەوت لەگەڵ پەنابەران دەکات و هەروەها لە ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت ڕێکخراوەکانی پاڵپشتی لە پەنابەران داوا دەکات کە بەزووترین کات سەبارەت بە بارودۆخی ئەو پەنابەرە کاردانەوەیان هەبێت و لە گەڕاندنەوەی بۆ ئێران ڕێگری بکەن.