بارودۆخی قەیراناوی لەیلا عەزیزی و هاوژینەکەی ناسر مەحموودی، دوو پەنابەری کورد لە تورکیا و مەترسیی ڕادەستکردنەوەیان بۆ ئێران

هەنگاو؛ سێشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
لەیلا عەزیزی و هاوژینەکەی، ناسر مەحموودی، دوو پەنابەری سیاسی کورد کە لە دە مانگ پێشەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر کراون، لە بارودۆخێکی جێی نیگەرانی لە کەمپێکی نیشتەجێکردنی کاتیدان و مەترسیی ڕادەستکردنەوەیان لە ئارادایە.
یە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەیلا عەزیزی، تەمەن ۳۶ ساڵ و خەڵکی سەقز و هاوژینەکەی، ناسر مەحموودی تەمەن ۳۸ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە چالاکانی سیاسی کورد، لە کەمپی "ئاغری" لە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان لە بارودۆخێکی سەختدا ڕاگیراون.
بە وتەی رۆیا عەزیزی، خوشکی لەیلا عەزیزی، ناوبراو بەهۆی دەستبەسەرکرانی درێژماوەی و مەترسیی ڕادەستکردنەوەیان، لەژێر گوشاری سەختی دەروونیدایە و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەکی تەندروستی لە کەمپدا بووەتە هۆی ئەوەی کێشەی تەندروستییان بۆ ساز بکرێت.
لەیلا عەزیزی و ناسر مەحموودی پێشینەی چالاکی سیاسییان هەیە و لە ئەگەری گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران لەگەڵ سەپاندنی سزای قورس و نامرۆڤانە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕوو دەکرێنەوە.
لەیلا عەزیزی و ناسر مەحموودی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا وەکوو چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون.
ئەو دوو هاووڵاتییە دە مانگ پێش لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکیا لە شاری تاتوانی سەر بە پارێزگای بەتلیس دەستبەسەر کران و بۆ کەمپی ئاغری گواسترانەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی دە مانگ تا ئێستاش لەو کەمپە ڕاگیراون و مەترسیی ڕادەستکردنەوەیان لە ئارادایە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ڕادەستکردنەوەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئێران و مەترسیی ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ ئەشکەنجە و سزای نامرۆڤانە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە پێداگری لەسەر نێوەڕۆکی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ڕەوتی ڕادەستکردنەوەیان لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و ڕەچاوکردنی بنەما مافی مرۆڤییەکان لە هەڵسوکەوت لەگەڵ پەنابەران دەکات و هەروەها لە ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت ناوەندانی پاڵپشتی لە پەنابەران داوا دەکات کە سەبارەت بە بارودۆخی ئەو دوو پەنابەرە کوردە و ئەگەری ڕادەستکردنەوەیان بۆ ئێران کاردانەوەیان هەبێت.