نۆروێژ؛ دەستبەسەرکردن و مەترسیی ڕادەستکردنەوەی سیروان ئەمین‌پوور، پەنابەرێکی سیاسیی کورد

٢٦ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢٢:٠٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥

سیروان ئەمین‌پوور، پەنابەری سیاسیی کوردی دانیشتووی وڵاتی نۆڕوێژ، دوای دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی بۆ یەکێک لە کەمپەکانی ڕادەستکردنەوە بە ناوی «تراندۆم»، لەگەڵ مەترسیی دیپۆرتکردن و ڕادەستکردنەوە بە ئێران ڕووبەڕووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سیروان ئەمین‌پووری تەمەن ٤٤ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێک و خەڵکی شاری مەهاباد، لە ئێستادا لە ئۆردوگای کاتیی تراندۆم لە نۆڕوێژ ڕاگیراوە و لەژێر مەترسیی جددیی دیپۆرتکردنەوەیە بۆ ئێران.

هەنگاو زانیویەتی کە سیروان ئەمین‌پوور تا ئەمڕۆ هەروا لە ئۆردوگای تراندۆم دەستبەسەرە و بۆ شوێنێکی دیکە نەگواستراوەتەوە.

شایانی باسە کە سیروان ئەمین‌پوور لە ساڵی ٢٠٠٩دا، دوای بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی سەوزی ئێران، ئەو وڵاتەی جێهێشتووە و لە نەرویژ داوای پەنابەریی کردووە.

هەروەها ناوبراو جگە لە چالاکیی سیاسی، یەکێکە لە ئەندامانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران، لە بارودۆخی ئێستادا ژیانی لەگەڵ مەترسیی جددی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی ئەم پەنابەرە سیاسییە بۆ ئێران و مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەشکەنجە و سزای نامرۆڤانە لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە جەختکردنەوە لەسەر بەندەکانی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ناوبراو لەلایەن دەوڵەتی نەرویژەوە دەکات و داوای ڕەچاوکردنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران دەکات. هەروەها داوا لە دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت مەرجەعەکانی پاراستنی پەنابەران دەکات کە هەرچی زووترە هەڵوێست بەرامبەر بە دۆخی ئەم پەنابەرە بگرن و ڕێگری لە گەڕاندنەوەی بۆ ئێران بکەن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە