بەدرە؛ بانگکران و هەڕەشە لە بنەماڵەی عەلی تەمری، چالاکی سیاسی کورد

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بەدرەی سەر بە پارێزگای ئیلام، جارێکی دیکە بە بانگکردنی ئەندامانی بنەماڵەی عەلی تەمری ناسراو بە عەلی ئیلامی، گوشارەکانیان لەسەر ئەو چالاکە سیاسییەی دانیشتووی باشووری کوردستان و کەسوکاری ناوبراو زیاتر کردۆتەوە. ئەو ناوەندە ئەمنییە هەڕەشەی تیرۆرکردنی عەلی تەمرییان لە بنەماڵەکەی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۶ی جولای ۲۰۲۵)، دایک و باوک و خوشکی عەلی تەمری، چالاکی سیاسی خەڵکی بەدەری ئیلام لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی عەلی تەمری، دایک و باوکی ئەو چالاکوانە سیاسییە هەڕەشەیان لێ کراوە کە لە ئەگەری ڕانەگرتنی چالاکی کوڕەکەیان، ناوبراو بەزوویی لە لایەن ئەندامانی ئەو ناوەندە ئەمنییەوە تیرۆر دەکرێت.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، دایک و باوکی عەلی تەمری بەهۆی شۆکی پاش بانگکردنیان و هەرەشەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بەدرە بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە و بۆ چەند کاتژمێر لەژێر چاودێریدا داندراون.
شایەنی باسە کە، عەلی تەمری مانگی خەزەڵوەری ۲۷۲۲ و هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستان بریندار کرابوو و تا چەند مانگ، تا کاتی باشتربوونی باری تەندروستیی لە ناوەندە دەرمانییەکاندا خەوێندرابوو.