دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی کەیوان ڕەحیم پوور
هەنگاو؛ دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی کەیوان ڕەحیم پوور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١ی مارسی ٢٠٢٤) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر گوندی «کەلەکان «سەر بە شاری دیواندەرە و لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی «کەیوان ڕەحیم پوور» یان دەستەبەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەیوان ڕەحیم پوور لە ماڵی خۆیان و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیران ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ ئاکامێکی نەبووە.