پژاک دەستبەسەرکرانی سیروان حەبیبی، یەکێک لە ئەندامانی خۆی لە شاری کامێران ڕاگەیاند
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٦
سیروان حەبیبی، لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و دوای تێپەڕبوونی چند ڕۆژ چارەنووسی نادیارە. پژاک بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی خۆی ڕاگەیاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦)، سیروان حەبیبی، خەڵکی سنە و یەکێک لە ئەندامانی فەرمیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە گەڕەکی بێعسەتی شاری کامێران دەستبەسەرکراوە.
بەپێی بەیاننامەیەک کە پژاک بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکان دوای مۆتۆڕسکیڵتی هەڵگری سیروان حەبیبی کەوتوون و بە خێراییەکی زۆرەوە بە ئۆتۆمبێل کێشاویانە بە مۆتۆڕسکیڵتەکەی ناوبراودا. سیروان دوای بەربوونەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.
لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە هاتوو: لە کاتی ئەم دەستبەسەرکردنە توندوتیژانەیەدا و لە دوای کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی ناڕازی لە شوێنەکەدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک تەقەی ئاسمانییان کردووە.