سنە؛ دەستبەسەرکرانی جەلال خودامرادی و موحسین حوسێنپەناهی لە پەیوەندی لەگەڵ بانگەوازی مانگرتنی ۲۵ی خەرمانان
هەنگاو؛ دووشەممە ۲۳ی خەرمانی ۲۷۲۶
دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە بە ناوەکانی جەلال خودامرادی و موحسین حوسێنپەناهی، دوای بانگکرانیان بۆ ئیدارەی ئەماکنی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی خەرمانی ۲۷۲۶ (۱۴ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶)، جەلال خودامرادی تەمەن ۴۶ ساڵ و موحسین حوسێنپەناهی تەمەن ۳۷ ساڵ هەر دوو خەڵکی سنە دەستبەسەر کراون.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بۆ وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراوە، سەبارەت بە بەشدارینەکردن لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی رۆژانی داهاتوو بۆ ئیدارەی ئەماکن بانگ کرابوون کە دوای سەردانکردنیان لەم ڕۆژەدا دەستبەسەر کران.
بانگکران و دەستبەسەرکرانی ئەم کاسبکار و بازاڕییانەی سنە لە دوای بانگەوازی «هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» بۆ مانگرتنی سەرتاسەریی کاسبکاران و بازاڕییان لە ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی خەرمانی هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی ئەنجام دراوە.
دامەزراوە ئەمنییەتییەکان بە بانگکران و دەستبەسەرکرانی پێشگیرانە، لە هەوڵی سەپاندنی گوشار بەسەر بازاڕییاندا بۆ ڕێگری لە پێکهاتنی مانگرتنەکاندان.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەم پەیوەندییەدا بێئاکام ماوەتەوە.