کامێران؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی سەعدوڵڵا شەفیعی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۵ی خەرمانانی ۲۷۲۵
سەعدوڵڵا شەفیعی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری کامێران، لە هەشت ڕۆژ پێشترەوە و ئەنجامی بانگکران و سەردانی ستادی هەواڵی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۱۸ی خەرمانانی ۲۷۲۶ (۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶)، سەعدوڵڵا شەفیعی، هاووڵاتیی تەمەن ۴۷ ساڵ و خەڵکی شاری کامێران، پاش بانگکران و ئامادەبوون لە ستادی هەواڵی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەعدوڵڵا شەفیعی، ڕۆژی دووشەممە ۱۶ی خەرمانان لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، لە لایەن ئەو هێزانەوە بۆ ستادی خەبەری ئیتلاعات بانگ کرابوو. ئەو هێزانە وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتبوو و داوایان لێکردبوو کە لە ڕێکەوتی ۱۸ی خەرمانان لەو ناوەندە حکومەتییە ئامادە بێت.
شایەنی باسە کە، تا ئێستا و سەرەڕای تێپەڕبوونی هەشت ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی سەعدوڵڵا شەفیعی، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.