شنۆ؛ شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە بەرەبەری مانگرتنی گشتی لە کوردستان
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٦
لە بەرەبەری چوارەمین ساڵیادی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و هاوکات لەگەڵ بانگەوازی «هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» بۆ مانگرتنی گشتی، لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، هێزە حکوومەتییەکان دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لە شاری شنۆ. تا ئێستا ناسنامەی چوار کەس لە دەستبەسەرکراوان بە ناوەکانی فەخرەدین ئیبراهیمی، سووران بایزیدی، ڕەحیم ئەرشەدی و ڕەزا دەیان بۆ هەنگاو پشتڕاست بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (١٥ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶)، هێزە حکوومەتییەکان بە هەڵکوتانی لەناکاو بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە شاری شنۆ و بەکارهێنانی توندوتیژی چەندین گەنجیان دەستبەسەر کردووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە ناسنامەی ٤ کەس لە دەستبەسەرکراوان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
سێ کەس لە کاسبکاران و بازاڕییانی شنۆ بە ناوەکانی سووران بایزیدی، ڕەحیم ئەرشەدی و ڕەزا دیان بە هاوڕێیەتیی فەخرەدین ئیبراهیمی: بەندکراوی سیاسیی پێشوو و کۆڕی محییەدین ئیبراهیمی (بەندکراوی سیاسیی کورد کە پێشتر سزای سێدارەی بەڕێوە چووبوو) دەستبەسەر کراون.
ئەم شەپۆلە لە دەستبەسەرکردنە پێشگیرانە و بەربڵاوانە لە ڕاستای تۆقاندنی کۆمەڵگە دروسکردنی کەشی ترس و سەپاندنی گوشار بۆ سەر کاسبکاران و بازاڕییان بە مەبەستی ڕێگری لە پێکهاتنی مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرماناندا ئەنجام دراوە. هاوپەیمانی حیزبەکانی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی داوای لە خەڵکی کوردستان کردووە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٦ هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی مان بگرن.
بەدواداچوونەکانی هەنگاو بۆ پشتڕاستکردنەوە ناسنامەی دەستبەسەرکراوانی دیکە و زانینی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستییان بەردەوامە.