ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکردنی دوو هەزار و ٣٥٣ هاووڵاتی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٣٥٣ هاووڵاتی ل

٢٠ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ٢٠:٣٥

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٣٥٣ هاووڵاتی لە ئێراندا دەستبەسەر کراون کە بەتەواوەتی ناسنامەی ئەو کەسانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. لەو ئامارە ٢١٦ منداڵ و ٣٢٥ کەسیان ژنن. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٥٨٨ هاووڵاتیی لە سیستان و بەلووچستان دەستبەسەر کراون و ئەمەش زۆرترین ئاماری دەستبەسەرکراوانی ساڵی ڕابردوو بووە. و زیاترین دەستبەسەرکرانیش لە هاووڵاتییانی کورد بوون کە ٤٤٪ی کۆی دەستبەسەرکراوان لەخۆ دەگرێت.

 

ئەم ڕاپۆرتە ١٢ لە بەش پێک هاتووە کە بەم شێوەی خوارەوەیە:

١- پێشەکی

٢- پوختەیەک لە ڕاپۆرتی ئاماری دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

٣- دەستبەسەرکردنی ٢١٦ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

٤- دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٣٢٥ ژن لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

٥- دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٢٠٧ چالاکی ئایینی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

٦- دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٤٥ چالاکی خوێندکاری لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

٧- دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٦٥ مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

٨- جیاکردنەوەی ئاماری هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ بەپێی پارێزگاکان

٩- دەستبەسەرکردنی ٨ هاووڵاتیی بیانی و خاوەن دوو ڕەگەزنامە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

١٠- جیاکردنەوەی ئاماری هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی نەتەوە و پێکهاتەکان

١١- دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

١٢- دەرەنجام

 

پێشەکی

بەندکردن و دەستبەسەرکردن لە ئێراندا بە هەر بیانوو و پاساوێک، یەکێک لە حاڵەتە ڕوون و ڕووتینییەکانی پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤە لەو وڵاتەدا. یاساکانی شەریعەت و تاوانکاریی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پێکهاتەی پاوانخوازانەی کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، ڕێخۆشکەرن بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی تەنانەت بە شێوەی سیاسی و هەر جۆر پێیان خۆش بێت یاساکانی خۆیان بەکار بهێنن. بۆ ئەم مەبەستەش کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی خۆیدا چەندین دامەزراوە و ناوەندی ئەمنییەتی دامەزراندووە و تەنانەت بەشێک لەم سیستەمە تاوانکارانەی ئەو حکوومەتە و یاساکانیان نموونەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە.

 

 

پوختەیەک لە ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣

- لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢٣٥٣ هاووڵاتی کە ناسنامەی هەموویان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

- لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢١٦ منداڵ و مێرمنداڵ دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ٩٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

- لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٣٢٥ ژن دەستبەسەر کراون، کە ١٤%ی کۆی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

- لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١٠١ چالاکی سوننە و ٨٠ هاووڵاتیی بەهایی دەستبەسەر کراون.

- لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٤٥ چالاکی خوێندکاری دەستبەسەر کراون کە ١٧ کەسیان کچ بوون.

- لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٦٥ مامۆستا دەستبەسەر کراون. لە کۆی مامۆستایانی دەستبەسەرکراو ٩ کەسیان لە ژن بوون و ٤٣٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانیش کورد بوون.

- لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا زۆرترین ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە کە ٥٨٨ کەسن و پاشان لە پارێزگای کوردستان کە ٤٤٩ کەس تۆمار کراوە.

- لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٦ هاووڵاتیی بیانی و دوو هاووڵاتی خاوەن دوو ڕەگەزنامە دەستبەسەر کراون.

- لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا هاووڵاتییانی کوردستان زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکراوانی ئەم ئامارەیان پێکهێناوە، کە ٤٤%ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکرانی ئێران بووە.

 

دەستبەسەرکرانی ٢٠١٦ منداڵ لە ساڵی ٢٠٢٣دا

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لانی کەم ٢١٦ منداڵ و مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ کە ناسنامەی هەموویان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ئەم ڕێژەیە دەکاتە ٩٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران.

 

لە کۆی گشتیی ئەو منداڵە دەستبەسەرکراوانەی کە تەمەنیان لە نێوان ٦ و ٤ و ٣ و تەنانەت ٢ ساڵان بووە کە ١٥ منداڵیان کچ و ٢٠١ منداڵیش کوڕ بوون و زۆربەیان قوتابی بوون.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە لانی کەم ١٤٤ کەس کە دەکاتە ٦٦.٥%ی ئەو منداڵانەی کە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون منداڵانی بەلووچ بوون، ١٢٤ حاڵەت لە شاری زاهیدان، ٨ حاڵەت لە شاری خاش، ٤ حاڵەت لە ڕاسک و٣ حاڵەت لە ئێرانشار تۆمارکراون و لە شارەکانی جاسک، چابەهار، سەراوان، ڕامیان و توربەت حەیدەریە، هەریەکەیان حاڵەتێکی دەستبەسەرکردنی منداڵانی بەلووچ تۆمارکراوە.

هەروەها ٥٦ حاڵەت کە یەکسانە بە ٢٦%ی سەرجەم منداڵانی دەستبەسەرکراوی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا منداڵی کورد بوون. زۆربەیان لە شارەکانی جوانڕۆ ١٢ کەس، سنە ١٠ کەس، پیرانشار ٨ کەس و مەهاباد ٥ کەس دەستبەسەر کراون. لە شارەکانی قوروە، بۆکان و شنۆ هەرکام ٣ کەس و شارەکانی ئاودانان و میاندواو هەرکام ٢ کەس و هەروەها لە شارەکانی بڵواناوا، تیکاب، دێلۆڕان، سەراوڵە، سەرپێڵی زەهاو، سەقز، کامێران و نەغەدە هەرکام یەک منداڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

لانی کەم ١٦ منداڵیش لە شارەکانی دیکەی ئێران دەستبەسەر کراون کە ٦ حاڵەتی لە شاری کەرەج تۆمار کراون. لە شارەکانی تاران و لارستان هەرکام ٣ کەس و هەروەها لە شارەکانی مەشهەد، نۆشار، ئیزە و بوجنوورد هەر کامەیان حاڵەتێکی دەستبەسەرکرانی منداڵان تۆمار کراوە.

 

دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٣٢٥ ژن لە ساڵی ٢٠٢٣دا

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٣٢٥ هاووڵاتیی ژن لە شارە جیاجیاکانی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و ناسنامەی هەموویان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. ئەم ڕێژەیە دەکاتە ١٤٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران.

لە کۆی گشتیی ئەو ژنانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، ٩٢ کەسیان کە دەکاتە ٢٨.٥٪ ی کۆی حاڵەتەکان ژنانی کورد بوون. هەروەها لانی کەم ٥٢ ژنە چالاکی بەهایی کە دەکاتە ١٦٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران دەستبەسەرکراون.

زۆرترین چالاکانی ژن لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە شاری تاران دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ٦٨ حاڵەت بووە. پاشان شارەکانی سنە بە ٣٦ کەس، ئیسفەهان بە ٢٢ کەس و کەرەج بە ٢٠ کەس زیاترین حاڵەتەکانی دەستبەسەرکرانی ژنانیان تێدا تۆمارکراوە. لە شاری ڕەشت ١٧ کەس، لە سەقز ١٣ کەس، لە مەشهەد ١٠ کەس، هەروەها لە شارەکانی شیراز، هەمەدان و بۆکان هەرکام ٧ کەس و شارەکانی ئیلام و ئیزە هەرکام ٥ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٨ خوێندکاری کچ، ١٧ ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری ڕاگەیاندن، ١٠ هونەرمەند و ئەکتەر و ٧ مامۆستای ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە ئێران دەستبەسەر کران.

 

دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٢٠٧ چالاکی ئایینی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢٠٧ چالاکی ئایینی (سوننە، بەهایی، یارسان، مەسیحی، ئەرمەنی، دەروێشی گونابادی و ڕەوتی یەمانی) لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ٩٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران.

لە کۆی گشتیی ٢٠٧ چالاکی ئایینی کە لە ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون، لانی کەم ٥٥ کەسیان چالاکانی ژن بوون، ئەمەش دەکاتە ٢٦.٥٪ی کۆی گشتیی ئەو چالاکە ئایینییانەی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون. ٥٢ کەس لەو ژنانی دەستبەسەرکراو پەیڕەوی ئایینی بەهایی بوون و سێ کەسی دیکەشیان پەیڕەوی ئایینی سوننە (کورد و عەرەب) و مەسیحی بوون.

بەپێی مادەی ١٢ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، ئایینی فەرمی لە ئێراندا ئیسلام و ئایینزای جەعفەریی ئەسنا عەشەرییە. بەڵام هاوکات ئایینزاکانی دیکەی ئیسلامیش (شافیعی، مالیکی، حەنەفی و حەنبەلی و زیدی) بەفەرمی دانیان پێدا نراوە و لە مادەی ١٣دا ئایینەکانی زەردەشتی و کەلیم و مەسیحی وەک کەمینە پێناسە کراون. بەڵام ئایینەکانی دیکەی وەک بەهایی، یارسان (ئایینێک کە زیاتر لە ٩٠٪ پەیڕەوانی کوردن) بەفەرمی دانیان پێدا نەنراوە، بۆیە پەیڕەوانی ئەم دوو ئایینە لە ئێراندا بە هەموو شێوەیەک مافەکانیان پێشێل دەکرێت.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکراوان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا پەیڕەوانی ئایینزای سوننەن کە لقێکی ئایینی فەرمی ئەو وڵاتەیە و ١٠١ کەسی سوننە (٤٢ چالاکی سوننەی بەلووچ، ٢١ چالاکی سوننەی کورد، ٢٨ چالاکی سوننەی عەرەب) دەستبەسەر کراون.

دوای پەیڕەوانی ئاییزای سوننە، زۆربەی دەستبەسەرکراووانی ساڵی ٢٠٢٣ پەیڕەوانی ئایینی بەهاییە و ساڵی ڕابردووش لانی کەم ٨٨ هاووڵاتیی پەیڕەوی ئەم ئایینە لە شارە جیاجیاکانی ئێران دەستبەسەر کراون. هەروەها ٦ چالاکی یارسان و ٧ چالاکی مەسیحیش دەستبەسەر کراون.

جیاکردنەوەی چالاکانی ئایینیی دەستبەسەرکراو

سوننە: ١٠١ کەس

بەهایی: ٨٨ کەس

مەسیحی: ٧ کەس

یارسان: ٦ کەس

دەروێشی گونابادی: ٣ کەس

بزووتنەوەی یەمانی: ٢ کەس

 

دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٤٥ چالاکی خوێندکاری لە ساڵی ٢٠٢٣دا

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٤٥ خوێندکار، کە ناسنامەی هەموویان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ١٧ کەس لە خوێندکارانەی دەستبەسەرکراوەکان ژن بوون کە دەکاتە ٣٩٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی ساڵی ڕابردووی خوێندکاران لە ئێران.

زۆرترین ڕێژەی خوێندکارانی دەستبەسەرکراو لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کورد بوون کە ٢٢ کەسن و دەکاتە ٣٨٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی خوێندکاری ساڵی ڕابردوو لە ئێران. لەم ماوەیەدا لانی کەم ٦ چالاکی خوێندکاریی تورک و ٤ چالاکی خوێندکاریی بەلووچ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

زۆربەی چالاکانی خوێندکاری لە پارێزگای سنە دەستبەسەر کراون، کە ١٢ کەس بوون و دوای سنە زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکردنی خوێندکاران لە پارێزگای تاران تۆمار کراوە کە ٨ حاڵەت بووە. لە پارێزگاکانی ئورمیە ٦ کەس، سیستان و بەلووچستان ٥ کەس، هەروەها لە پارێزگاکانی کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات هەرکام ٤ کەس، لە پارێزگاکانی ئیلام، ئەلبورز، فارس، لوڕستان، خووزستان و خۆراسان هەرکام خوێندکارێک دەستبەسەر کراوە.

 

دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٦٥ مامۆستا قوتابخانە و زانکۆ لە ساڵی ٢٠٢٣دا

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٦٠ مامۆستای قوتابخانە و ٥ مامۆستای زانکۆ لە شارە جیاجیاکانی ئێران و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.

لەو مامۆستایانەی کە دەستبەسەر کراون، لانی کەم ٩ مامۆستایان ژن بوون کە دەکاتە ١٤٪ی کۆی گشتیی ئەو مامۆستایانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ دەستبەسەر کراون.

لە کۆی گشتیی مامۆستایانی دەستبەسەرکراو، ٤٣٪ (٢٨ کەس) مامۆستای کورد بوون کە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، لوڕستان، سنە و ئورمیە دەستبەسەر کراون.

زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکردنی مامۆستایان لە پارێزگای سنە بووە کە ٢١ حاڵەت تۆمار کراوە، لە دوای سنە پارێزگاکانی فارس ١٠ کەس، تاران ٦ کەس و کرماشان ٤ کەس. پارێزگاکانی ئیلام، خۆراسان ڕەزەوی و خووزستان هەرکام ٣ کەس و لە پارێزگاکانی بوشێهر، خۆراسانی باکوور، گیلان و مەرکەزی هەرکام ٢ کەس و هەروەها لە پارێزگاکانی مازەندەران، سیستان و بەلووچستان، یەزد، لوڕستان، کرمان، ئیسفەهان و ئەردەبیل هەرکام دەستبەسەرکردنی مامۆستایەک تۆمار کراون.

 

جیاکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا دەستبەسەر کراون بەپێی پارێزگاکانی ئێران

بەپێی ئاماری تۆمارکراوی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لە کۆی گشتیی ٢٣٥٣ هاووڵاتی کە دەستبەسەر کراون و ناسنامەی هەموویان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە، زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکراوان کە ٥٨٨ کەسە (نزیکەی ٢٤٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەکراوانی ئێران) لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە کە حەشیمەتەکەی نزیکەی ٣ ملیۆن کەسە. له پارێزگای سنە کە حەشیمەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسە ٤٤٩ کەس دەستبەسەرکراون کە دەکاتە ٢٠٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان. پارێزگای ئیلام کە حەشیمەتەکەی نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەسە و بە کەم حەشیمەت ترین پارێزگای ئێران دادەنرێت، ٩٧ هاووڵاتیی تێدا دەستبەسەر کراوە و دوای پارێزگای سیستان و بەلووچستان، سنە، ئورمیە، تاران و کرماشان، ئیلام پلەی یەکەم تا شەشەمی هەیە لەم ئامارانەدا.

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکراوانی ساڵی ٢٠٢٣ کە ناسنامەی هەموویان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو تۆمار کراوە، لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بوون بە ٥٨٨ کەس. دواتر پارێزگای سنە بە ٤٤٩ کەس، پارێزگای ئورمیە بە ٣٦٨ کەس (٣٥٨ هاووڵاتیی کورد و ١٠ هاووڵاتی تورک)، پارێزگای تاران بە ١٧٦ کەس، پارێزگای کرماشان بە ١١٢ کەس، ئیلام بە ٩٧ کەس و خووزستان ٦٨ کەس لە پلەبەندیی ئەم ئامارەدا تۆمار کراون.

هەروەها لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ٥٩ کەس، ئەلبورز ٥١ کەس، ئیسفەهان ٤٨ کەس، خۆراسانی ڕەزەوی ٤٢ کەس، گیلان ٤٠ کەس. هەەروها پارێزگاکانی فارس، کۆهگیلوویە و بۆیەرئەحمەد هەرکام ٣٦ کەس، پارێزگاکانی بوشێهر ٢٩ کەس، مازەندەران ٢٣ کەس، گوڵستان ١٧ کەس، لوڕستان و هەمەدان هەرکام ١٤ کەس، قەزوین ١٢ کەس. پارێزگاکانی هورمزگان، مەرکەزی و یەزد هەرکام ٩ کەس، پارێزگاکانی کرمان، زەنجان و ئەردەبیل هەرکام ٧ کەس، چوارمەحاڵ و بەختیاری ٦ کەس، خۆراسانی باکوور و سمنان هەرکام ٥ کەس و خۆراسانی باشوور و قوم هەرکام ٣ کەس دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و تۆماری و ناسنامەکانیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

 

دەستبەسەرکردنی ٨ هاووڵاتیی بیانی و خاوەن دوو ڕەگەزنامە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٨ هاووڵاتیی بیانی و خاوەن دوو ڕەگەزنامە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە چوار کەسیان هاووڵاتیی ئەفغانستان بوون. هەروەها دوو هاووڵاتیی ئەرمینیا و تورکیا و دوو هاووڵاتیی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی - هۆڵەندی و ئێرانی - بریتانیایی بوون، دەستبەسەر کراون.

 

زانیاری لەسەر ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەررکراو

١- نەجیبوڵڵا عەلیزەهی، تەمەن ٢٤ ساڵ و هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان، ڕۆژی ٢٥ی جەنیوەریی ٢٠٢٣ لە شاری خاشی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەستبەسەر کراوە.

٢- مەولەوی عەبدولڕەزاق نەقشبەندی، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان، لە ١٢ی مەیی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زاهیدان دەستبەسەر کراوە.

٣- بەرهودار بایرام، دەرهێنەری کورد و هاووڵاتیی تورکیا، ڕۆژی ٢٧ی جولایی ٢٠٢٣ لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراوە.

٤- سەعید فەراهانی، هاووڵاتیی ئێرانی و هەڵگری ڕەگەزنامەی هۆڵەندی، لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

٥- هاکووپ کۆجۆمیان، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەرمینیا، ڕۆژی ١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کراوە.

٦- مەحموود دەرخیڵ تەمەن ١٧ ساڵ و هاووڵاتیی ئەفغانستان، لە ٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ لە شاری خاش دەستبەسەر کراوە.

٧- شەهرام ناماوەر، هاووڵاتییەکی ئێرانی و هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانیا، لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٣ لە شاری ئابادان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

٨- تەیموور حوسێنی، باوەڕدارێکی نوێی مەسیحی و هاووڵاتیی ئەفغانستان، لە ١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٣ لە تاران دەستبەسەر کراوە.

 

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی نەتەوە و پێکهاتەکان

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە هەنگاو، ٤٤٪ی کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەستبەسەر کراون و دەکاتە ١٠٢٩ کەس، هاووڵاتیی کوردن. هەروەها ٦٠٧ هاووڵاتیی بەلووچ کە دەکاتە ٢٦٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان و ٤٠٤ هاووڵاتیی فارس کە دەکاتە ١٧٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی ساڵی ٢٠٢٣ی ئێران، دەستبەسەر کراون.

هاووڵاتیی کورد: ١٠٢٩ کەس، دەکاتە ٤٤٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

هاووڵاتیی بەلووچ: ٦٠٧ کەس، دەکاتە ٢٦٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

هاووڵاتیی فارس: ٤٠٤ کەس، دەکاتە ١٧٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

هاووڵاتیی لوڕ و بەختیاری: ٩٤ حاڵەت کە دەکاتە ٤٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

هاووڵاتیی تورک: ٨٩ کەس، دەکاتە ٤٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

هاووڵاتیی گیلاک و مازنی: ٧٤ کەس، دەکاتە ٣٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

هاووڵاتیی عەرەب: ٣٥ کەس، دەکاتە ١.٥٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

هاووڵاتیی تورکمان: ١٢ کەس، دەکاتە ٠.٣٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

هاووڵاتیی بیانی و هاووڵاتیی خاوەن دوو ڕەگەزنامە: ٨ کەس، دەکاتە ٠.٢٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

 

دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ساڵی ٢٠٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوا لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١٠٢٩ هاووڵاتیی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە دەکاتە ٤٤٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

زۆرترین ڕێژەی هاووڵاتییانی کورد لە پارێزگای سنە دەستبەسەر کراون کە ٤٤٩ کەسن. دوای سنە ٣٥٨ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئورمیە، ١١٢ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای کرماشان، ٩٧ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئیلام، هەروەها پارێزگاکانی خۆراسان ڕەزەوی و لوڕستان هەرکام ٥ هاووڵاتیی کورد و ٢ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای هەمەدان و هاووڵاتییەکیش لە پارێزگای گیلان دەستبەسەر کران کە ناسنامەی هەموویان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٥٦ منداڵی کورد لە ئێران دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ٢٦٪ی کۆی گشتیی منداڵانی دەستبەسەرکراو لە ئێران. هەروەها ٩٢ ژنی کورد کە دەکاتە ٢٨.٥٪ی کۆی گشتیی ژنانی دەستبەسەرکراو لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ و لە ئێراندا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لانی کەم ٢٢ خوێندکاری کورد (٤٨٪ی کۆی گشتیی خوێندکارانی دەستبەسەرکراە) و ٢٨ مامۆستای کورد کە دەکاتە ٤٢٪ی کۆی گشتیی مامۆستایانی دەستبەسەرکراو لە ئێران، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

 

دەرەنجام

دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە ئێران ڕێژەیەکی زۆر و بەرچاو لە هاووڵاتییان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران و یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم شەپۆلە دەستبەسەرکردنە ڕووتینی و نایاسایییانە، هەوڵی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ سەپاندنی دۆخی مەترسیداری تیرۆر بە ئامانجی سەرکوتکردنی خەڵکانی ناڕازی لە کوردستان و ئێراندا.

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢٣٥٣ هاووڵاتی لە ئێران دەستبەسەر کراون کە لانی کەم ٢١٦ کەسیان منداڵ و مێرمنداڵ بوون. دەستبەسەرکردن و بەندکردنی منداڵان و مێرمنداڵان لەگەڵ پێوەرە نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا ناتەبایە. شیکاریی ئەم ئامارە سەلمێنەری ئەوەیە کە زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکردن لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە ٥٨٨ کەس و پارێزگای سنە بە ٤٤٩ کەس بووە و ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ سەپاندنی زۆرەملێی حکوومەتی یاسا لەو دەڤەرانەدا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٨٨ هاووڵاتیی بەهایی و لانی کەم ١٠١ هاووڵاتیی سوننە دەستبەسەر کراون. هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا ٢٣٤ ژن دەستبەسەر کراون. ئەم ئامارانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە زۆرترین دەستبەسەرکردنی نایاساییی هاووڵاتییان لەنێو کەمینە ئایینی، ڕەگەزی و نەتەوەیییەکاندا بووە و ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پێشێلکردنی دڕندانەی مافەکانی مرۆڤ لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە