ڕاپۆرتی ژمارە ۴ی هەنگاو لەسەر شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکان لە ڕەوتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل؛ دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۷۳۴ هاووڵاتی بریتی لە ۳۲ ژن، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان و ۸ هاووڵاتیی ئەوروپی

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
بەپێی ئامار و زانیارییە کۆکراوەکان لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکومەتی ئیسرائیل و لە ڕەوتی شەپۆلی بەرفراوانی سەرکوت و دەستبەسەرکرانەکان، لە ماوەی ۱۳ ڕۆژی ڕابردوودا، لانی کەم ۷۳۴ هاووڵاتی لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون. تا ئێستا ناسنامەی ۶۰ کەس لەو هاووڵاتییانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ۳۲ ژن، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان و ۸ هاووڵاتیی ئەوروپی، بریتی لە یەک ژن دەستبەسەر کراون. زۆربەی ئەو کەسانە بە تۆمەتی وەکوو "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"، "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" و "تێکدانی بیروڕای گشتی" لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی کەمتر لە دوو حەوتوودا لانی کەم ۷۳۴ هاووڵاتی لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین دەستبەسەرکرانەکان لە پارێزگاکانی کرماشان بە ۱۲۶ حاڵەت، تاران ۷۳ حاڵەت، خووزستان ۶۷ حاڵەت و ئورمیە بە ۵۹ حاڵەتەوە تۆمار کراون.
پارێزگای کرماشان: ١٢٦ حاڵەت (۶ ژن) و (۱ هاووڵاتیی ئەوروپی)
پارێزگای تاران: ٧۳ حاڵەت (۱ هاووڵاتیی ئەفغانستانی) (۱ ژن)
پارێزگای خووزستان: ۶۷ حاڵەت
پارێزگای ئورمیه: ٥٩ حاڵەت (۱۸ کچی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ)
پارێزگای فارس: ۵٦ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ٥۱ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ٤٠ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ۳٧ حاڵەت (۱ هاووڵاتیی ئەوروپی)
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۲۴ حاڵەت (٢ ژن)
پارێزگای ئیسفەهان: ٢٤ حاڵەت (بریتی لە ۳ هاووڵاتیی ئۆکڕاینی)
پارێزگای قوم: ۲۲ حاڵەت
پارێزگای سمنان: ۲۱ حاڵەت
پارێزگای کرمان: ۲١ حاڵەت (۱ ژن)
پارێزگای بووشێهر: ۱۹ حاڵەت (بریتی لە هاووڵاتییەکی ئەفغانستانی)
پارێزگای مازەندەران: ۱٧ حاڵەت (۱ هاووڵاتیی ژنی ئەوروپی)
پارێزگای هۆرمۆزگان: ۱٥ حاڵەت (۱ هاووڵاتیی ئەوروپی)
پارێزگای گوڵستان: ۱۱ حاڵەت
پارێزگای قەزوین: ۱۰ حاڵەت (۲ ژن)
پارێزگای یەزد: ۸ حاڵەت
پارێزگای ئەردەبیل: ۵ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ۴ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٣ حاڵەت
پارێزگای سنە: ۲ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ٤ حاڵەت (۱ ژن)
پارێزگای چوارمەحال و بەختیاری (شاری کورد): ۱ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باکوور: ۱ حاڵەت
پارێزگای کۆهگیلوویه و بویێرئەحمەد: ۱ حاڵەت (۱ هاووڵاتی ئەوروپی)
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۱ حاڵەت
سەرەڕای دەستبەسەرکرانە ڕاگەیێندراوەکان بەپێی پارێزگاکان، میدیا حکومەتییەکان هەواڵی دەستبەسەرکرانی ۸ کەسیان لە یەکێک لە شارە سنوورییەکان و ۵ کەسی دیکە لە پارێزگایەک (کە یەک لەو هاووڵاتییانە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە) بڵاو کردووەتەوە. هەروەها هەندێک ڕاپۆرت لەسەر دەستبەسەرکرانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە شاری بۆکان، پارێزگاکانی مەرکەزی، کۆهگیلویە و بویێرئەحمەد و ژمارەیەک لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییە پەیوەندیدارەکان بە ئیسرائیل لە پارێزگای مازەندەران بڵاو کراوەتەوە، بێ ئەوەی زانیارییەکی ورد لەو بارەدا ڕابگەیەندرێت.
سازکردنی دۆسیەی دادوەری بۆ دەیان هاووڵاتی بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە درێژەی چەوساندنەوەی بەرفراوانی هاووڵاتییان، ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆسیەی دادوەرییان بۆ دەیان هاووڵاتی ساز کردووە. لە هەمەدان بۆ ۲۴ کەس بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و لە یەزد لە ماوەی تەنیا یەک حەوتوودا، ۸۱ دۆسیە دژ بە بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ڕەخنەگرانە کراوەتەوە. هەروەها لانی کەم ۲۰۰ کەس لە لایەن ئەو ناوەندانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە و ئاگادار کراونەتەوە.
دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۳۲ ژن لە شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییاندا
لە ڕەوتی شەپۆلی ڕابردووی دەستبەسەرکرانەکاندا، لانی کەم ۳۲ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون؛ ۶ ژن لە قەسری شیرین، ۲ ژن لە خوراسانی ڕەزەوی، ۲ ژن لە قەزوین، ۱ ژن لە کرمان، ۱ ژن لە تاران و ۱ ژن لە ئیلام. هەروەها ۱۸ کچی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ لە مەهاباد بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراون. لە نێوان دەستبەسەرکراواندا یەک ژنی خاوەن ناسنامەی ولاتە ئەوروپییەکان هەیە کە لە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر کراوە.
ئەو ئامارە نیشان دەدات کە ژمارەیەکی بەرچاو، بەتایبەت لە ژنانی کورد بە لانی کەم ۲۶ حاڵەتەوە لە شەپۆلی ڕابردووی سەرکوتکردنەکاندا دەستبەسەر کراون. ئەم دەستبەسەرکرانانە بەشێک لە ڕەوتی چەوساندنەوەی بەرفراوان و پێشێلکرانی ڕێکخراوانەی مافی هاووڵاتییان، وەکوو مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانن کە هاووڵاتییان و بەتایبەت ژنان لەخۆ دەگرن.
دەستبەسەرکرانی ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییانی کورد
هاووڵاتییانی کورد بەشێکی جێی سەرنجی دەستبەسەرکرانەکان پێکدێنن، لانی کەم ۱۲۶ کەس لە پارێزگای کرماشان و ۵۹ کەس لە پارێزگای ئورمیە لەنێوان هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراودا بوون. هەروەها ۲۶ ژنی کورد لە نێو دەستبەسەرکراوانی ئەو دوو پارێزگایەدان.
ئەو ئامارە دەیسەلمێنێت کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکرانەکان بەتایبەت لەسەر سەرکوت و دەستبەسەرکردنی چالاکان و هاووڵاتییانی کورد جەخت دەکەنەوە.
دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانی و هەشت هاووڵاتیی ئەوروپی
لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکرانەکاندا، لانی کەم دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانی لە پارێزگاکانی تاران و بووشێهر دەستبەسەر کراون. هەروەها هەشت هاووڵاتیی ئەوروپی بریتی لە یەک ژن، لە پارێزگا جیاوازەکاندا دەستبەسەر کراون کە سێ کەسیان کە خەڵکی ئۆکراین بوون لە پارێزگای ئیسفەهان و هاووڵاتییانی بیانی دیکە لە پارێزگاکانی کرماشان، کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد و مازەندەران دەستبەسەر کراون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین جار هاووڵاتییانی بیانی بەتایبەت هاووڵاتییانی خاوەن دوو ناسنامەی بە ئامانجی گوشار و باج وەرگرتنی سیاسی بە بارمتە گرتووە.
لەسێدارەدرانی شەش بەندکراو بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل
لە سەرەتای شەڕی نێوان وڵاتانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، شەش بەندکراو کە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" دادگایی کرابوون لەسێدارە دراون کە بریتی لە سێ بەندکراوی کورد بەناوەکانی ئیدریس ئالی، ئازاد شوجاعی (هەر دوو هاووڵاتی خەڵکی شاری سەردەشت) و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد (خەڵکی شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان) بوون کە بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران. هەروەها محەممەدئەمین مەهدەوی شایستە، مەجید موسەیبی، ئیسماعیل فکری بەندکراوانی لەسێدارەدراوی دیکەی ئەو ماوەیە بوون.
سەرەڕای ئەوەش هەنگاو سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی دیکە بریتی لە ئەحمەدڕەزا جەلالی، هاووڵاتیی خاوەن دوو ناسنامەی ئێرانی-سویدی هۆشداری دەدات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەو شەپۆلە لە دەستبەسەرکرانەکان ئیدانە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی ئەمنی، ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ سنووردارتر دەکاتەوە. هەنگاو داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییە مافی مرۆڤییەکان دەکات کە کردەوەیەکی دەستبەجێ و چاودێریی سەربەخۆیان لەسەر بارودۆخی دەستبەسەرکراوان هەبێت.