دەستبەسەرکرانی ٨٣ هاووڵاتی لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

١٢ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٨:٤٤

هەنگاو؛ سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤دا لانی کەم ٨٣ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە هەموو ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زیاترین ژمارەی دەستبەسەرکراوان هاووڵاتییانی کورد بوون کە ٢٩ حاڵەت تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ٢٩ هاووڵاتیی کورد، ١٦ هاووڵاتیی بەلووچ، ١٠ هاووڵاتیی تورک و هەروەها ٨ ژن و ٣ منداڵ و ٥ مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

 

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان؛

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە پارێزگای ئورمیە بووە کە ١٦ حاڵەت تۆمار کراوە و لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان ١٣ حاڵەت و پارێزگاکانی کرماشان و تاران هەر یەک ٨ حاڵەت لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.

پارێزگای ئورمیە: ١٦ حاڵەت (١٥ هاووڵاتیی کورد و ١ هاووڵاتیی تورک)

پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ١٣ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ٨ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٨ حاڵەت (٣ هاووڵاتیی تورک و ٥ هاووڵاتیی فارس)
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٦ حاڵەت (١ هاووڵاتیی کورد و ٥ هاووڵاتیی فارس)
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٦ حاڵەت
پارێزگای سنە: ٥ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ٤ حاڵەت
پارێزگای کرمان: ٣ حاڵەت (٣ هاووڵاتیی بەلووچ)
پارێزگای ئیسفەهان: ٣ حاڵەت (٢ هاووڵاتیی لوڕ و ١ هاووڵاتیی فارس)
پارێزگای کۆهکیلوویەو بویرئەحمەد: ٢ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ٢ هاووڵاتی (١ هاووڵاتیی عەرەب و ١ هاووڵاتیی لوڕ)
پارێزگاکانی لوڕستان، مازەندەران، قەزوین، سمنان، فارس، خوراسانی باکوور، چوارمەحاڵ و بەختیاری و بوشێهر: هەر یەک ١ حاڵەت

 

٥٤٪ی دەستبەسەرکراوان هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ بوون

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژوئەندا، لانی کەم ٢٩ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ٣٥٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە تەواوی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوودایە.

لە مانگی ژوئەن لانی کەم ١٦ هاووڵاتیی بەلووچ واتا ١٩٪ی کۆی حاڵەتەکان و ١٠ هاووڵاتیی تورک واتا ١٢.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

 

دەستبەسەرکرانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان

دەستبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە مانگی ژوئەن بەراورد بە مانگی پێشووی زیاتر بووە و لەو مانگەدا ١١ چالاکی سوننە مەزهەب کە ٧ کەسیان بە ناوەکانی مەتین مەهدی‌زادە خەڵکی شنۆ، سەید ئەحمەد ئەحمەدیان خەڵکی سەلاسی باوەجانی، حامید عەباسی خەڵکی سنە و کاوە سەیدزادە، ئاکۆ زەینەبی، یووسف مەولایی و دکتۆر ئیسماعیل خەڵکی بۆکان لە چالاکانی کورد بوون، دەستبەسەر کراون. هەروەها لانی کەم ٤ چالاکی سوننە مەزهەبی خەڵکی خاف بەناوەکانی شەمسەددین موتەهەری، حوسێن ئەحمەد شەهیدی، فازڵ مورادی و گوڵمحەممەد مەنسووری دەستبەسەر کراون.

هەروەها دوو برای کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی شاری سەحنە بەناوەکانی پووریا منەتی و شۆجاع منەتی، نوێ‌باوەڕێکی مەسیحیی خەڵکی کرماشان بەناوی فەڕڕۆخ کاکایی، مەزاهیر حەیدەری لە شێخەکانی گۆنابادی خەڵکی شاری کورد و تاهیرە نەورۆزی لە چالاکانی بەهایی دانیشتووی شیراز لە مانگی ژوئەن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

 

دەستبەسەرکرانی ٨ ژن و ٣ منداڵ لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤

 

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ٨ چالاکی ژن لە تەواوی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ١٠٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوانی ئەو مانگەیە.

سەمیرا نەجاتیان، حوورا نیکبەخت و سەبا ئازەرپەیک خەڵکی تاران، حەمیدە زارعی و مەهتا سەدری خەڵکی ڕەشت، تاهیرە نەورۆزی خەڵکی شیراز، مریەم مێهرابی خەڵکی موبارەکە و عاتفە ڕەنگریز خەڵکی دامغان ئەو ٨ ژنە بوون کە لە ماوەی مانگی ژوئەن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

هەروەها لەو ماوەیەدا لانی کەم سێ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دوو کەس لەوان لە هاووڵاتییانی لوڕ و خەڵکی موبارەکە و یەک کەسیان بەلووچ بوون. ستارە بەختیاروەند تەمەن ١١ ساڵ و سەوگەند بەختیاروەند تەمەن ٨ ساڵ و خەڵکی موبارەکە و ئەمیرحوسێن میربەلووچزەهی خەڵکی خاش سێ منداڵی دەستبەسەرکراو لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا بوون.

 

دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٥ مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤

لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤ گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ بەراورد بە مانگی پێشووی لە ڕادەیەکدا بووە و لانی کەم ٢ خوێندکاری زانکۆ و ٣ مامۆستای زانکۆ و قوتابخانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ناسنامەی مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆی دەستبەسەرکراو؛

١- حوسێن باقری‌نیا خەڵکی مەشهەد
٢- مستەفا ڕۆباتی خەڵکی شیروان
٣- حوورا نیکبەخت خەڵکی تاران


ناسنامەی خوێندکارانی دەستبەسەرکراو؛

١- محەممەد هادی شەریفی‌نەسەب خەڵکی هەشتروود
٢- ئیحسان فەریدی خەڵکی تەورێز

 

دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٥ کەس لە چالاکانی میدیایی لە مانگی ژوئەن

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ٥ کەس لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی میدیایی لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ناسنامەیان بەو شێوەیە؛

 

١- یاشار سوڵتانی خەڵکی تاران
٢- سەبا ئازەرپەیک خەڵکی تاران
٣- مەهتا سەدری خەڵکی ڕەشت
٤- وەحید ئەشتەری خەڵکی تاران
٥- هادی کەسایی‌زادە خەڵکی تاران

 

دەستبەسەرکرانی نووسەران و هونەرمەندان

لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤، لانی کەم یەک هونەرمەند بەناوی میلاد جەلیلی خەڵکی تەورێز و یەک نووسەر بەناوی جەعفەر حەمیدی خەڵکی ئەهواز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

 

 

ناسنامەی تەواوی ئەو ٨٣ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵکوەرگرتن لەو ئامارە بە هێنانی نێوی سەرچاوە ڕێگەپێدراوە. ئەو ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە