ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە بارودۆخی قەیراناویی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج؛ به سەربازیکردنی بەندیخانە، هەڵوەشاندنەوەی تەواوی چاوپێکەوتنەکان و کەمیی خۆراک

٢٠ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٢:٢٠

هەنگاو؛ سێشەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥


لە دوای زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان و دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، بارودۆخی مرۆیی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو خراپ ڕاگەیەندراوە. سەرچاوە نێوخۆیییەکان لە ناو ئەم بەندیخانەدا کە زیاتر لە ١٦ هەزار بەندکراوی تێدایە، باس لە ڕاگەیاندنی دۆخی نائاساییی ئەمنی و پێشێلکاریی بەرفراوانی مافە سەرەتایییەکانی بەندکراوان دەکەن.


بەسەربازیکردن و جێگیرکردنی هێزە سەرکوتکەرەکان


هەنگاو لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ چەند بەندکراوێکی ناو ئەم بەندیخانەیە و هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی پێی گەیشتوون، ڕایدەگەیەنێت کە لەبەر ترسی ڕاپەڕینی بەندکراوان لە ڕۆژانی شەڕدا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان و یەکەکانی دژە شۆڕش لە حەوشە و بەندەکانی گرتووخانەکان جێگیر کراون. ئەم هەنگاوە، شێوە بەڕێوبەری بەندیخانەکەی گۆڕیوە بۆ سەربازگەیەک و گوشارێکی دەروونیی زۆری خستووەتە سەر بەندکراوان و بنەماڵەکانیان.


بڕینی تەواوی پەیوەندییەکان و هەڵوەشاندنەوەی چاوپێکەوتنەکان


لە هەنگاوێکی نایاسایی و بەپێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوی بەندیخانەکان، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمدوایییە و لە ١١ ڕۆژ لەمەوبەرەوە، هەموو چاوپێکەوتنە ناوخۆیی و کابینییەکانی بەندکراوان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە. ئەم بڕینی پەیوەندییە، سەرەڕای نیگەرانیی قووڵی بنەماڵەکان، بەندکراوانی خستووەتە ناو گۆشەگیرییەکی تەواوەوە کە ئەمەش نموونەی ئاشکرای ئەشکەنجەی دەروونییە.


فێڵی دادوەری و بەڵێنە بێبنەماکان


بەرپرسانی بەندیخانە و دامەزراوە دادوەرییەکانی نیشتەجێ لە قزڵحیسار بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان، بەڵێنی ئازادکردنی کاتییان لەبەرامبەر دانانی بارمتەدا بە بەندکراوان دابوو. بەڵام سەرەڕای ئامادەییی زۆرێک لە بنەماڵەکان بۆ دابینکردنی بارمتە، ئەم بەڵێنانە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون و وەک ئامرازێک بۆ خەڵەتاندن و هێورکردنەوەی کەشی ئاڵۆزی بەندیخانە بەکار هێنراون.


کەمیی ماددەی خۆراکی


ڕاپۆرتەکان نیشان دەدەن کە کوالێتی و بڕی بەشەخۆراکی بەندیخانە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
هاوکات:
فرۆشگاکانی بەندیخانەکان ڕووبەڕووی کەمیی ماددە خۆراکییە سەرەتایییەکان بوونەتەوە.
دەستڕاگەیشتنی بەندکراوان بە کڕینی تەواوکەرە خۆراکییەکان و پێداویستییە گرنگەکان بڕدراوە.
ئەم بارودۆخە لە تەنیشت چڕیی زۆری دانیشتووان (١٦ هەزار کەس)، مەترسیی سەرهەڵدانی بەدخۆراکی و نەخۆشییە گوازراوەکانی بە توندی زیاد کردووە.


هۆشداریی مافی مرۆڤیی
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هۆشداری دەدات کە ناوەندە ئەمنییەکان دۆخی شەڕ وەک پۆششێک بۆ سەرکوتی زیاتر و پشتگوێخستنی مافە بنەڕەتییەکانی بەندکراوان بەکار دەهێنن. بەپێی ماددەی ٩ و ١٠ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، تەنانەت لە دۆخی نائاساییشدا نابێت مافە مرۆیییەکان و کەرامەتی بەندکراوان پێشێل بکرێت.
هەنگاو داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و مای ساتۆ، ڕێپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە سەبارەت بە چارەنووسی نزیکەی ١٦ هەزار بەندکراو لەم بەندیخانەدا کە لە بارودۆخێکی تەواو ئەمنی و بێبەش لە مافە سەرەتایییەکاندا دەژین، کاردانەوەی خێرایان هەبێت.
شایانی باسە کە، بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لە سەرەتادا بۆ ڕاگرتنی پێنج هەزار بەندکراو داڕێژراوە، بەڵام ئێستا نزیکەی ١٦ هەزار بەدنکراوی تێدا ڕاگیراوە. واتە دانیشتووانەکەی سێ هێندەی توانای ڕاستەقینەی خۆیەتی و هەر ئەمەش ئەم گرتووخانەی کردووەتە یەکێک لە قەرەباڵغترین بەندیخانەکانی ئێران. لە ساڵی ٢٧٢٣ و دوای داخستنی بەندیخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج، بەندکراوانی ئەو گرتووخانەیە بۆ بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج گواسترانەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە