برینداربوونی پێنج کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود
لانی کەم پێنج کۆڵبەر بەناوەکانی هیوا ڕەحیم پەنا خەڵکی سەقز، کەماڵ حەبیبی خەڵکی سنە، ئومێد مورادی خەڵکی مەریوان، هادی و محەممەد لە سنووری نەوسوود بە تەقە
هەنگاو؛ دووشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
لانی کەم پێنج کۆڵبەر بەناوەکانی هیوا ڕەحیم پەنا خەڵکی سەقز، کەماڵ حەبیبی خەڵکی سنە، ئومێد مورادی خەڵکی مەریوان، هادی و محەممەد لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٠ی مارسی ٢٠٢٤)، کەماڵ حەبیبی کۆڵبەری نیشتەجێی گوندی "هەشەمێز" سەر بە شاری سنە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەواری سنووری نەوسوود، دەستی چەپی بریندارکرا و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ بێهداری نەوسوود گواستراوە.
هاوکات کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بەناوی ئومێد مورادی بە بەردفڕێدان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بەسەختی بریندارکرا و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی نەوسوود گواسترایەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی ڕەشەممە، دوو کۆڵبەر بەناوەکانی هادی تەمەن ٣١ ساڵ و محەممەد لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکران.
هەروەها ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەشەممە (٨ی مارس)، هیوا ڕەحیم پەنا خەڵکی سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندارکرا.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کۆڵبەرە دوای دەستبەسەرکران و لێدان و کوتان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، لە مەودای نزیکەوە کراوەتە ئامانج و لاقی بریندارکراوە و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوە.