جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەی قەزەلیحساری کەرەج

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوەکانی نوور محەممەد تاجیک و عەبدولباست (ناوی ناوبانگی هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە) کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوە

٢١ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٨:١٠

هەنگاو: دووشەممە، ٢١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوەکانی نوور محەممەد تاجیک و عەبدولباست (ناوی ناوبانگی هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە) کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی قەزڵیحساری شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ (١١ی مارسی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی نوور محەممەد تاجیک و عەبدولباست (ناوی ناوبانگی هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە) کە دوو بەندکراوی وڵاتی ئەفغانستان بوون، لە بەندیخانەی قەزڵیحساری شاری کەرەج جێبەجێ کراوە.

ئەم دوو بەندکراوە کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەشەمە (٩ی مارس) بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گواسترانەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو کەسە ئەفغانستانییە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەتی ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی ئێران بڵاو نەکراونەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، لانی کەم ٢٨ بەندکراوی ئەفغانستانی لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە