ئازادیی کاتیی ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی کورد پاش نزیک بە شەش ساڵ بەندکردن

ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، پاش ۵ ساڵ و ١٠ مانگ و

٢٢ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٩:٠٠

هەنگاو: سێشەممە، ٢٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، پاش ۵ ساڵ و ١٠ مانگ و ١٩ ڕۆژ بەندکردن، بە شێوەیەکی کاتیی کورتخایەن ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ (١٢ی مارسی ٢٠٢٤)، ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە شێوەی ئازادیی کاتیی کورتخایەن ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپورتێکدا کە مانگی ڕەزبەر بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاند؛ ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، بەهۆی نەخۆشی ئاو مرواری بۆ دەرمانخانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە و لەم کاتەوە تاکوو ئێستا، بەهۆی لێدانی دەرزییەکی نەناسراو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی چاوەکانی خراپتر دەبێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ بە زووترین کات پێویستی بە نەشتەرگەریی چاوە هەیە کە دەبێت لە نەخۆشخانە بۆی بکرێت، بەڵام کاربەدەستانی بەندیخانەی ئورمیە بۆ پێدانی ئازادیی کاتی بە ئەرسەلان، داوای دانانی بارمتەی قورسی ١۵ میلیارد تمەنی دەکەن کە دانانی ئەو بارمتەیە لە توانای ماڵی بنەماڵەکەیدا نییە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە خەرمانانی ٢٧١٨، لەلایەن لقی ٣٢ی دادسەرای سەربازیی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سزای لە سێدارەی بەسەردا سەپێندرا کە دواتر بەپشتبەستن بە مادەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون، سزایەکەی گۆڕدرا بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی و سزاکە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ جێبەجێ کرا.

ئەرسەلان خودکام، ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧١٨ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠١٨) لە کاتێکدا کە ئەندامی سوپای پاسداران بوو بۆ پێئەسپێردراوێک بۆ شاری شنۆ ڕۆیشتبوو، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەستبەسەر کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە