تاوانێکی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە کۆڵبەران؛ هێزە حکومەتییەکان دوای کوشتنی کۆڵبەرێک تەرمەکەیان لە ژێر بەفر شاردووەتەوە

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی لە سنووری «پەتکێ» شاری پیرانشار، دوای کوشتنی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆ، تەرمەکەی

٢٣ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٦:٤٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی لە سنووری «پەتکێ» شاری پیرانشار، دوای کوشتنی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆ، تەرمەکەیان لە ژێر بەفر شاردووتەوە و لە شوێنی تاوانەکە ڕۆیشتوون. ئەم کۆڵبەرە ناوی محەممەد گەنجە ئاشکرا کراوە و خەڵکی شاری پیرانشارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٣ی مارسی ٢٠٢٤)، تەرمی محەممەد گەنجە، کۆڵبەری خەڵکی شاری پیرانشار دوای ٤٨ کاتژمێر گەڕان بە دوای تەرمەکەیدا لە ژێر بەفر لە سنووری پەتکێ سەر بە شاری پیرانشار دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لەکاتێکدا دۆزراوەتەوە کە بە فیشەکێک شانی ڕاستی پێکراوە.

محەممەد گەنجە کە خێزاندارە و باوکی منداڵێک بووە، لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممە دوای ڕۆیشتنی بۆ سنووری پەتکێ بەمەبەستی کۆڵبەری، بێسەروشوێن بووە و دوای دوو شەو و ڕۆژ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە