کوژرانی نیگار کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی لوڕستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە

لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ، بە ناوی نیگار کەریمیان و خەڵکی شاری بروجن لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری و دانیشتووی شاری ئیسفەهان، بە تەقەی ڕ

٢٣ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٨:٤٠

هەنگاو: چوارشەممە، ٢٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ، بە ناوی نیگار کەریمیان و خەڵکی شاری بروجن لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری و دانیشتووی شاری ئیسفەهان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران بەسەختی بریندار بووە و دوای چەند کاتژمێرێک بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ کاتژمێر ١ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣، (٩ی مارسی ٢٠٢٤)، هێزە حکوومەتییەکانی ئێران لە دووڕێیانی شاری "چەمەنسوڵتان"ی سەر بە ناوچەی ئەلیگودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستان، ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و هاووڵاتییەک بە ناوی، نیگار کەریمیان و تەمەن ٢١ ساڵ بەم هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کەریمیان، ئەم بنەماڵەیە لە کاتی گەڕانەوەیان لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی خاڵۆیان لە گوندی "فەرسەش"ی ئەلیگودەرز بۆ ئیسفەهان، لە دووڕێیانی شاری "چەمەنسوڵتان"ی سەر ئەلیگودەرز، هێزە حکوومەتییەکان بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک یان تەقەیەکی ئاسمانی، ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ئۆتۆمۆبیلی بنەماڵەی کەریمیان کردووە کە پژۆیەکی جۆری ٤٠٥ بووە و گوللە بەر دەرگای لای پاڵ شۆفێرەکە کەوتووە کە بەم هۆکارەشەوە خاڵیگەی نیگار پێکراوە و لە لاکەی تری جەستەیەوە گوللەکە دەرچووە. هەر لەم دەستڕێژەدا باوکی نیگار کەریمیان بریندار بووە و برینەکەی سووکە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە نیگار کەریمیان پاش پێکرانی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "ئیمام سادقی”ی ئەلیگودەرز و دوای سێ کاتژمێر مانەوە لەو نەخۆشخانەیە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە. کەسێکی دیکەی نزیکی ئەو بنەماڵەیە لەم پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: "ئەندامەکانی هەناوی نیگار بە شێوەیەک لەتمەیان دیوە کە بەتەواوەتی تێک چوون و پزیشکەکان وتوویانە بەکەڵکی ئەوە نایەن ببەخشرێتە ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەو ئەندامانەیە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو؛ دوای کوشتنی نیگار کەریمیان، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بە هەڵە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی ئەوان کردووە.

شایانی باسە، ڕێوڕەسمی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی نیگار کەریمیان ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕەشەمە لە گۆڕستانی باخی ڕزڤانی شاری ئیسفەهان بەڕێوە چووە.

پێشتریش، واتە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری برووجێردی سەر بە پارێزگای لوڕستان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و بەم هۆکارەوە کچە خوێندکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی شاری کۆیەشت بە ناوی "ئەناهیتا ئەمیرپوور" کوژراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە