سەقز؛ دەستبەسەرکردنی ناهید کەسنەزانی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

١١ خەرمانان ٢٧٢٦، ١٨:٣٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٦

ژنێکی کوردی خەڵکی گوندی «کەسنەزان»ی سەر بە سەقز بە ناوی ناهید کەسنەزانی، لە دوای گەمارۆدانی تەواوی سەربازیی گوندی شوێنی نیشتەجێبوونی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە  بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦)، ناهید کەسنەزانی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٨ ساڵی خەڵکی گوندی کەسنەزانی سەقز لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و چارەنووسی نادیارە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ پیشاندانی هیچ پەڕە یان بڕیارێکی دادوەری، سەرەتا گوندی کەسنەزانییان بە تەواوی گەمارۆ داوە و دواتر بە بەکارهێنانی توندوتیژییەکی لە ڕادەبەدەر ناهید کەسنەزانییان دەستبەسەر کردووە.

هەروەها، هێزە حکوومەتییەکان لە کاتی ئەم هەڵکوتانەدا بنەماڵەی کەسنەزانییان خستووەتە ژێر گوشار و هەڕەشە و ناچاریان کردوون کە مۆبایل  و کەلوپەلە تایبەتییەکانی دیکەی ناوبراویان ڕادەست بکەن.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان، دامەزراوەی دەستبەسەرکەر و شوێنی ڕاگرتنی ناهید کەسنەزانی زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە و بێئاگایی لە دۆخی تەندروستیی ناوبراو بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکەی.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە