ژنکوژی؛ نیلووفەر موجاور خەڵکی پیرانشار، دوای ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆر تووشی مەرگی مێشکی بووە

١٣ خەرمانان ٢٧٢٦، ١١:٣٩

هەنگاو؛ هەینی ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٦

نیلووفەر موجاور، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، دوای ئەوەی لەلایەن پیاوێکەوە کەوتە بەر توندوتیژیی دژواری جەستەیی، ئەشکەنجە و دەستدرێژی، بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و سەرئەنجام تووشی مەرگی مێشکی بوو. سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی موجاور سکاڵایان دژ بەو کەسە تۆمار کردووە،  بەڵام تا ئێستا دەستبەسەر نەکراوە و بەپێی زانیارییەکان هەڵاتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەست هەنگاو، نیلووفەر موجاور لە کاتی ئەنجامدانی کاری وەرزی لەگەڵ پیاوێک بە ناوی سەید عیزەتەدین سەید تاهیریی تەمەن ٤١ ساڵ ئاشنا ببوو. دوای مانگێک پەیوەندیی تەلەفۆنی، ئەم پیاوە بە بەڵێنی هاوسەرگیری، شەوانە نیلووفەری لە ماڵی بنەماڵەکەیان هێناوەتە دەرەوە و بۆ شوێنێکی دوورتر گواستوویەتییەوە. ئەم کەسە بە هەڵخەڵەتاندنی بنەماڵەی موجاوەر بەوەی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ هاوسەرگیریی فەرمی هەنگاو دەنێت، نیلووفەری لە دەستڕاگەیشتنی بنەماڵەکەی شاردووەتەوە و خستوویەتییە بەر توندوتیژی و ئازاری دژواری جەستەیی.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٢ ڕۆژ لە ڕفاندنی نیلووفەر و لە دوای قووڵبوونی برینەکانی سەر جەستەی، لە ڕۆژی ٩ی خەرماناندا ئەم پیاوە نیلووفەری بۆ ناوەندێکی دەرمانی لە گوندی ئەندێزێی سەر بە شاری پیرانشار گواستووەتەوە و لەوێ ئیددعای کردبوو کە ئەوان هاوسەری یاسایی یەکترن و ناوبراو لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا بریندار بووە. بەم حاڵەشەوە، دوای گواستنەوەی نیلووفەر بۆ نەخۆشخانە، ناوبراو بە بیانووی هێنانی  بەڵگەنامەکان، نەخۆشخانەکەی جێهێشتووە و هەڵاتووە.

دوای ئەوە، بەرپرسانی نەخۆشخانەکە پەیوەندییان بە بنەماڵەی نیلووفەرەوە کردووە و و برینداربوونی کچەکەیانیان بەم بنەماڵەیە ڕاگەیاندووە. لە نەخۆشخانە بە وتەی بنەماڵەکە، شوێنەواری دژواری کوتەککاری و سووتاندن لەسەر جەستەی بینراوە. پزیشکانیش بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە مەرگی مێشکی نیلووفەر لە دوای کەوتنی زەبر و لێدانی دژوار بۆ سەری ڕووی داوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەلای هەنگاویش پارێزراون، شوێنەواری دژواری لێدان و ئەشکەنجە لەسەر جەستەی نیلووفەر بە تەواوی دیارە.

دوای ئەوەی پزیشکان پشتڕاستیان کردەوە کە نیلووفەر تووشی مەرگی مێشکی بووە و هیچ هیوایەک بە زیندومانی نییە، بنەماڵەکەی بڕیاریان دا ئەندامەکانی جەستەی ببەخشن بەو نەخۆشانەی کە پێویستیان پێیەتی.

بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، بڕیارە ئەندامەکانی جەستەی نیلووفەر ڕۆژی هەینی، ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦)، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئورمیە ببەخشرێت.

بنەماڵەی نیلووفەر دژ بە کەسی تۆمەتبار کە هەڵاتووە سکاڵایان کردووە، بەم حاڵەشەوە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو دەستبەسەر نەکراوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە