سنە؛ سەپاندنی سزای نامرۆڤانەی لێدانی ٤٠ قامچی بەسەر محەممەدجەعفەر محەممەدی

محەممەدجەعفەر محەممەدی، هاووڵاتیی تەمەن ٥٥ ساڵی خەڵکی سنە، دوای سکاڵاکردن لە دوو کەس لە هێزەکانی "فراجا" سزای نامرۆڤانەی لێ

٢٣ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ٢٣:٢٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

محەممەدجەعفەر محەممەدی، هاووڵاتیی تەمەن ٥٥ ساڵی خەڵکی سنە، دوای سکاڵاکردن لە دوو کەس لە هێزەکانی "فراجا" سزای نامرۆڤانەی لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا. دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بەپێی سکاڵای هێزەکان، ئەو هاووڵاتییە دادخوازەی بە تاوانبار زانیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا محەممەدجەعفەر محەممەدی، دانیشتووی شاری سنە لەلایەن لقی ١٠٧ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەو شارە بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە هێزە حکوومەتییەکان" سزای لێدانی ٤٠ قامچی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی دادنامەکە کە کۆپییەکی دەستی هەنگاو کەوتووە، محەممەدجەعفەر محەممەدی، پێشتر بەهۆکاری "چوونە نێو ماڵ و هەڕەشەکردن" سکاڵای لە دوو کەس لە هێزەکانی "فراجا" کردبوو کە لەلایەن لێپرسی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی شاری سنە، بڕیاری قەدەغەکردنی شوێن هەڵگرتنی هێزەکان دەرکرابوو.

بەڵام لە بەرانبەردا، ئەو هێزانە بە پشتبەستن بە داوانامەی خانەی دادی گشتی و شۆڕش، بوون بە هۆی سەپاندنی سزای چل زەربەی قامچی بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا.

محەممەدجەعفەر محەممەدی، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٥ی دێسەمبەری ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و شکاندنی درگای ماڵەکەی دەستبەسەرکرا و دوای ٨ ڕۆژ بەدانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازادکرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە