کرماشان؛ کوژرانی ژنێک لەگەڵ دایک و براکەی لەلایەن هاوژینە پێشووەکەیەوە

ژنێکی لاو بەناوی مریەم ڕەزمجوو، لەلایەن هاوژینە پێشووەکەیەوە کوژرا. تۆمەتبار هاوکات لەگەڵ هاوژینە پێشووەکەی خۆی، دایک و برای ناوبراویشی کوشتووە.

٢٦ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٠:٣٤

هەنگاو؛ شەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

ژنێکی لاو بەناوی مریەم ڕەزمجوو، لەلایەن هاوژینە پێشووەکەیەوە کوژرا. تۆمەتبار هاوکات لەگەڵ هاوژینە پێشووەکەی خۆی، دایک و برای ناوبراویشی کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٤ی مارسی ٢٠٢٤)، مریەم ڕەزمجوو، ڕێزیدێنتی ساڵی یەکەمی ڕادیۆئانکۆلۆژی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان، لەلایەن هاوژینە پێشووەکەیەوە کوژرا.

تۆمەتبار بە ئامادەبوون لە ماڵی باوکی هاوژینە پێشووەکەی، بە چەکی گەرم هاوژینە پێشووەکەی و هەروەها دایک و برای ناوبراوی کوشتووە.

ئەو کەسە دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە، شوێنەکەی جێ هێشتووە و دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەرکراوە.

هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری ڕوویدانی ئەو تاوانە لەلایەن بکوژەکەوە لەبەر دەستدا نییە و میدیا حکومەتییەکان تەنیا ئاماژەیان بە "کێشەی خێزانی پێشوو" لەو بارەیەدا کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە