ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی فریشتە ڕەحمانزادە و باوکی لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە لە سەقز

٢٢ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ٢٠:١٤

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

فریشتە ڕەحمانزادە هاوڕێ لەگەڵ باوکی، عەلی ڕەحمانزادە، لەلایەن هاوژینی پێشووی فریشتەوە لە شاری سەقز بە چەکی گەرم کوژران. پاڵنەری بکوژ بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، هەوڵی فڕیشتە و باوکی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و دەستبەسەردا گرتنی خانەباخی ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (١٢ی جولای ٢٠٢٦)، فریشتە ڕەحمانزادە، دایکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «خوردەلووکی»ی سەر بە بەشی سەرشیوی سەقز، و باوکی بە ناوی عەلی ڕەحمانزادە بە چەکی گەرم کوژران.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، کوژرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە خانەباخێکدا لە سەر ڕێگای کۆنی سەقز_مەریوان ڕووی داوە کە هی خودی بکوژەکە بووە.

تۆمەتبار بە ناسنامەی سەلاح فەرەج‌پوور، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی «کاومەلە»ی سەر بە بەشی سەرشیوی سەقز، لە کاتی سەردانی فریشتە و باوکی بە هاوڕێیەتیی چوار مەئمووری هێزە ئینتیزامییەکان بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا و وەرگرتنەوەی ئەو ماڵ و داراییانەی کە بەپێی بڕیاری دادگا بە فریشتە ڕەحمانزادە درابوو، تەقەی لێ کردوون و کوشتوویانی.

شایانی باسە کە دادگای شاری سەقز دوای جیابوونەوەی ئەو دوو کەسە، مافی داواکردنی تەواوی مارەیی و هەروەها مافی سەرپەرشتیکردنی دوو منداڵەکەیانی دابوو بە فریشتە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە