ژنکوژی/ لەتیفە محەممەدزادە پاش ساڵانێک توندوتیژیی خێزانی و هەڕەشەی ئاشکرای کوشتن لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا
هەنگاو؛ هەینی ۳۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
ژنێکی تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی سەقز بە ناوی لەتیفە محەممەدزادە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە زەبری چەقۆ کوژرا.ناوبراو پێشتر چەندین جار لەلایەن هاوژینەکەیەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کرابوو و تەنانەت لەنێو دادگاشدا بەسەختی لێی درابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۲۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، لەتیفە محەممەدزادە تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی سەقز کە لە ئاژانسێکی تەکسیی تەلەفۆنیدا کاری دەکرد، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی ئومێد فەیزی بە شێوەیەکی دڕندانە و بە چەندین زەبری چەقۆ کوژرا.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە، ئومێد فەیزی، خەڵکی ئاوایی «گوڵتەپە»ی سەر بە شاری سەقز پێشینەی توندوتیژیی سەختی هەبووە و پێشتریش هەوڵی کوشتنی منداڵە ساوایەکەی خۆی داوە.
لەتیفە محەممەدزادە کە بە مەبەستی دابینکردنی تێچووی ژیانی خۆی و منداڵەکەی وەک شۆفێری تەکسیی تەلەفۆنی سەرقاڵی کارکردن بوو، ڕۆژی ڕابردوو بە زیاتر لە ۲۰ زەبری چەقۆ لەلایەن ئومێد فەیزییەوە کوژرا و تەرمەکەی لە نزیک ئاوایی "قەرەناو" لە مەودای ۲۰ کیلۆمەتریی سەقز دۆزراوەتەوە.
پاش ئەوەی تەرمی ئەم ژنە بۆ پزیشکی دادوەری گواسترایەوە، پزیشکی دادوەری لە ڕاپۆرتێکدا بەم بنەماڵەیەی ڕاگەیاندووە کە لەتیفە بە زیاتر لە ۲۰ زەبری چەقۆ کوژراوە.
جێگای ئاماژەیە کە، ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەژێر ئەشکەنجە، لێدانی بەردەوام و هەڕەشەی کوشتندا بووە و دۆسیەی سکاڵاکەی لە ناوەندە دادوەرییەکاندا کراوە بووە. تەنیا دوو ڕۆژ پێش ڕوودانی ئەم تاوانە، ئومێد فەیزی لە بەردەم دادگای سەقز بەسەختی لێی داوە و بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی لێ کردووە؛ ناوبراو لەلایەن دادگاوە بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی لەتیفە، سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە یەک ڕۆژ پاش سەپاندنی سزاکە هەوڵی کوشتنی ئەم ژنەی داوە. جێگای باسە کە لەتیفە هاوژینی دووەمی بکوژ بووە کە هاوکات لەگەڵ هاوژینی یەکەمی ئەو پێکەوە ژیاون.