سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا منداڵێکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی هیوا شەریفی و دوو ئەندامی بنەماڵەی دادخوازی ئەو شارە بە ناوەکانی شوانە بابەکری (مە

٢٧ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٦:٤٩

هەنگاو: شەممە، ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا منداڵێکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی هیوا شەریفی و دوو ئەندامی بنەماڵەی دادخوازی ئەو شارە بە ناوەکانی شوانە بابەکری (مەنگوڕ) و شەفیع بابەکری (مەنگوڕ) لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی شاهین ئیبراهیمی و ساڵح سەخاوەت لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێران سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی هیوا شەریفی، تەمەن ١٦ ساڵ، شوان بابەکری، تەمەن ٣٩ ساڵ، شەفیع بابەکری، تەمەن ٣٦ ساڵ، شاهین ئیبراهیمی، تەمەن ٢٨ ساڵ و ساڵح سەخاوات، تەمەن ٣٧ ساڵ، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری شنۆ، سەرجەم سزای ٢١ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

بەگوێرەی ئەو بڕیارەی دادگا، هیوا شەریفی سزای ٣ مانگ بەنەکردنی بەسەردا سەپاوە، شوانە بابەکری و شەفیع بابەکری، دوو برا و ئەندامی بنەماڵەیەکی دادخواز، هەرکامەیان سزای ٦ مانگ بەندکردن و هەروەها ساڵح سەخاوەت و شاهین ئیبراهیمی هەرکامەیان سزای ٣ مانگ سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

ئەو هاووڵاتییانە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەو شارە دەستبەسەر کراون و دوای یەک ماوەی مانگێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

شایانی باسە کە شەفیع و شوانە بابەکری، کوڕی ڕەشید بابەکری ناسراو بە "ڕەشید مەنگوڕ"، یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی کوردستانە کە لە ساڵی ٢٧٠١ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکرات لە سێدارە درا.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە