سەقز؛ دەستبەسەرکرانی سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

٢٤ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ٢٢:٤٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢۴ی خاکەلێوەی ٢٧٢۵

سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە. ناوبراو بەبێ هیچ چەشنە ڕاگەیاندنێکی پێشتر بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۲۲ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۱۱ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، سەفا عائیلی، تەمەن ٣۱ ساڵ و خاڵی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی سەفا عائیلی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییەیان لەکاتێکدا کە لەگەڵ هاوژینەکەی بووە، ڕاگرتووە و دەستبەسەریان کردووە.

سەفا عائیلی بەبێ هیچ چەشنە ئاگادارییەکی پێشتر و ناردنی ڕاگەیەندراوەیەکی فەرمی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزاکەی، دەستبەسەر کراوە و چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکردنی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە.

ناوبراو پێشتر، هەندێک دوای گەڕانەوەی لە وڵاتی ئەڵمانیا لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەو سزایە لە لایەن لقی ۱۶ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە. ناوبراو هاوینی ساڵی ڕابردوو پەنابەری وڵاتی ئەڵمانیا ببوو و پاش نزیکەی سێ مانگ گەڕابۆوە بۆ ئێران.

سەفا عائیلی پێشتر لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری سەقز دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لەئاکامدا لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ۲۷۲۳ بەدانانی بارمتەی یەک ملیار و دووسەد ملیۆن تمەنی و هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.

ناوبراو مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن کردن بە خامنەیی" سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە