دەستبەسەرکرانی فەخرەدین ئەحمەدی لە شاری شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بەناوی فەخرەدین ئەحمەدی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

٢٨ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٣:٥٧

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بەناوی فەخرەدین ئەحمەدی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ئورمیە کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٨ی مارسی ٢٠٢٤)، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی فەخرەدین ئەحمەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و ناوبراویان بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدی، بارودۆخی تەندروستیی فەخرەدین ئەحمەدی بەهۆی بوونی پلاتین لە جەستەیدا ناجێگیرە و هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ناوبراویان دەستبەسەرکردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

شایەنی باسە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا یووسف ئەحمەدی، برای فەخرەدین ئەحمەدی، دەستبەسەرکرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە