ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۷ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان و میاندواو لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

٢٤ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٢:١٧

هەنگاو؛ شەممە ۲۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا لانی کەم ۷ هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی شوانە دیوازی، لوقمان قوربانی، هادی عەزیزی، سدیق کەریمی، ڕەحمان خۆزان، ئومید چاوباز و محەممەد حاجیزادە لە شارەکانی بۆکان و میاندواو لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەستبەسەرکرانی زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژانی پێنجشەممە ۲۲ی گەلاوێژ و هەینی ۲۳ی گەلاوێژ (۱۴ی ئاگۆست) و بە بەکارهێنانی توندوتیژی، بێڕێزی بە بنەماڵەکان و پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییانەوە ئەنجام دراوە.

 

دەستبەسەرکراوانی ڕۆژی هەینی ۲۳ی گەلاوێژ (۱۴ی ئاگۆستی ۲۰۲۶):

ڕەحمان خۆزان، تەمەن ۳۵ ساڵ، خێزاندار، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «گۆلی مەرزینگ» سەر بە شاری بۆکان؛ ڕۆژی هەینی بە بەکارهێنانی توندوتیژی، بێڕێزی و سووکایەتی بە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

ئومید چاوباز، تەمەن ۴۵ ساڵ و خەڵکی بۆکان؛ کاتژمێر ۱ی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

محەممەد حاجیزادە، تەمەن ۲۳ ساڵ، خەڵکی گوندی «گامێش گولی» سەر بە شاری میاندواو؛ ڕۆژی هەینی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

 

دەستبەسەرکراوانی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی گەلاوێژ؛

لوقمان قوربانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا.

شوانە دیوازی، تەمەن ۴۸ ساڵ، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی «چناران» سەر بە شاری میاندواو؛ کاتژمێر ۳ی بەرەبەیان لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

هادی عەزیزی، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری بۆکان؛ کاتژمێر ۲ی بەرەبەیان لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییەدا وێڕای شکاندن و تێکدانی کەلوپەلی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر لەپتاپ و مۆبایلەکەیدا گرتووە و ئۆتۆمبێلەکەیان ڕاگرتووە.

سدیق کەریمی، بەندکراوی سیاسی و خەڵکی گوندی «گوێگتەپە»ی بۆکان؛ کاتژمێر یەکی بەرەبەیان لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لە ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان بێ ئاکام ماوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە