دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە بۆکان و میاندواو

٢٣ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٨:٥١

هەنگاو؛ هەینی ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٦

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی محەممەد حاجی‌زادە و ئومێد چاوباز، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی بۆکان و میاندواو دەستبەسەرکران و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (١٤ی ئاگۆست ٢٠٢٦)، ئومێد چاوباز، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەرکرا.

دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە لە کاتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ پێشکەشکردنی هیچ پەڕە یان بڕیارێکی دادوەری ئەنجام دراوە.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژ (١٣ی ئابی ٢٠٢٦)، محەممەد حاجی‌زادە، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی «گاومێش گلی»ی سەر بە میاندواو، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەرکرا.

شایانی باسە کە بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە دۆخیان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و گوزەرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە