برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنووری بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران

دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سەقز و بانە بە ناوەکانی مەهدی شەریفی و سولەیمان ئەمینی لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری بانە، بە تەقەی ڕاست

١ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٤:٢٠

هەنگاو: چوارشەممە، ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سەقز و بانە بە ناوەکانی مەهدی شەریفی و سولەیمان ئەمینی لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ (١٩ی مارسی ٢٠٢٤)، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لانی کەم دوو کۆڵبەر بە ناوی مەهدی شەریفی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز و هەروەها سولەیمان ئەمینی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بە سەختی بریندار بوون.

ئەم دوو کۆڵبەرە بەمەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گواستراونەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان، باری تەندروستیی سولەیمان ئەمینی ناجێگیرە.

شایانی باسە کە سولەیمان ئەمینی لە ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووشدا بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەسەر هەمان سنوور جارێکی دیکە بریندار بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە