دەستبەسەرکرانی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری گیەڵان و بانگکرانی چەند هونەرمەند و چالاکی مەدەنی
لوتفوڵڵا پەرویز، یەک لە چالاکانی مەدەنی شاری گیەڵان و لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو شارە، لەلای
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
لوتفوڵڵا پەرویز، یەک لە چالاکانی مەدەنی شاری گیەڵان و لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو شارە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا. هەروەها چەند هاووڵاتی دیکەش بانگکراون و هەڕەشەیان لێکراوە. سەرەڕای ئەوەش چالاکانی مەدەنی لەسەر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز پێداگری دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٠ی مارسی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی لوتفوڵڵا پەرویز، لە چالاکانی مەدەنی شاری گیەڵان و ناوبراویان دەستبەسەرکردووە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بێجگە لە دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکە مەدەنییە ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.
دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکە مەدەنییە کە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ناوچەی ناوداری گیەڵان بووە، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمەیە کە بڕیار وایە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوە بەڕێوە بچێت.
هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە لانی کەم ١٠ هونەرمەند و چالاکی مەدەنی خەڵکی گیەڵان کە یەک لەوان هونەرمەند سەلام مەحموودی بووە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگکراون و هەڕەشەیان لێکراوە و ژمارەیەک لەوانیش ناچارکراون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان ڕایگەیێنن کە ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە ناچێت.
سەرەڕای تەواوی هەڕەشەکان، چالاکانی مەدەنی شاری گیەڵان داوایان لە خەڵک کردووە کە ئەمڕۆ بە جلوبەرگی کوردییەوە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری بکەن.