بۆکان؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و بێسەروشوێنبوونی چارەنووسی سەید عەلی قوڕەیشی، هونەرمەندی کورد
هەنگاو؛ هەینی ٢٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی سەید عەلی قوڕەیشی، هونەرمەندی خەڵکی بۆکان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١١ی مەی ٢٠٢٦)، هێزە حکومەتییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی تایبەتیی سەید عەلی قوڕەیشی، هونەرمەندی تەمەن ٦٦ ساڵانی خەڵکی بۆکان، بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە. ئەم هونەرمەندە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بێبەش کراوە.
سەید عەلی قوڕەیشی یەکێک لە هونەرمەندە گەلەیییەکانی بۆکانە لە بواری گۆرانبێژیدا کە ساڵانێکی زۆرە لە بواری پاراستن و چڕینی مۆسیقای فۆلکلۆر و ڕەسەنی کوردییدا چالاکیی هەیە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و ئەو ناوەندەی کە دەستبەسەری کردووە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە . هەرووها سەردانی چەندین جارەی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی بۆکان بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر دۆخی ناوبراو، تا ئێستا بەهۆی وەڵامنەدانەوەی بەرپرسان بێ ئەنجام ماوەتەوە.