سنە؛ هەڵکوتانی بێئەنجامی دەیان کەس لە هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی ئارمان ساعیدپەناە، هونەرمەندی کورد
وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە، دەیان کەس لە هێزەکانی خۆی بەمەبەستی دەستبەسەرکردنی ئارمان ساعیدپەناە، گۆرانیبێژ و ه
هەنگاو؛ شەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە، دەیان کەس لە هێزەکانی خۆی بەمەبەستی دەستبەسەرکردنی ئارمان ساعیدپەناە، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی کورد لەو شارە بەڕێکرد کە لە ئاکامدا هەوڵی ئەو هێزانە بێئەنجام مایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئارمان ساعیدپەناە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئارمان ساعیدپەناە، ژمارەی ئەو هێزە ئەمنییانەی بەمەبەستی دەستبەسەرکرانی ئەو هونەرمەندە نێردراون نزیک لە سەد کەس بوون.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە هەوڵی ئەو هێزانە بۆ دەستبەسەرکردنی ناوبراو بێئاکام بووە و ئارمان ساعیدپەناە پێش گەمارۆدانی ماڵەکەی، ماڵێی بەمەبەستی ڕۆیشتن بۆ شوێنێکی نەزانراو جێ هێشتووە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر تەواوی کەرەستە تایبەتییەکانی ناوبراو بریتی لە هاردی کامپیوتێرەکەی و باقی کەرەستەکانی داگرتووە.
هەوڵی ئەو هێزانە بۆ دەستبەسەرکرانی ئەو هونەرمەندە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممە لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە نەورۆز لە گوندی ئەوێهەنگی سەر بە شاری سنە، بە خوێندنەوەی سروودێکی ڕوو لە ئامادەبووان گوتبووی کە "ئیزن نادەن بخوێنم، لەحاڵێکدا کە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز مۆڵەتنامەی ناوێت."