بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە كارەزانی ئیلام سەرەڕای هەڕەشە، بانگكران و ڕێگیری لە ئامادبوونی گورانیبێژان

هەنگاو؛ هەینی ٢٢ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥
ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ناوچەی كارەزانی سەر بە ئیلام، سەرەڕای بانگكران و هەڕەشە لە دەیان هاووڵاتی و ڕێگیری لە ئامادەبوونی دوو گۆرانیبێژ كە بانگهێشت كرابوون بۆ ئەم ڕێوڕەسمە، بەڕێوە چوو. لەم ڕێوڕەسمە لانی كەم هاووڵاتییەک كە بەدواداچوون بۆ ناوی دەكرێت، دەستبەسەر كرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (١٠ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، ڕێوڕەسمی نەورۆز لە "كارەزان"ی ئیلام سەرەڕای ڕێگیریكردنی ناوەندە ئەمنییەكان و بانگكرانی دەیان چالاكی كورد لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو و هەروەها ڕێگیری لە چوونی مەسعوود عەزیزی و ئارام باڵکی، ئەو دوو هونەرمەندەی كە بانگهێشتی ڕێوڕەسمەكە كرابوون، بە بەشداری هەزاران هاووڵاتی بەڕێوە چوو.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، عەبدولوەهاب بەخشەندە، داواکاری گشتیی ئیلام، بەیانیی پێنجشەممە لە پەیوەنییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعوود عەزیزی و ئارام باڵکی، هۆشداری پێ دابوون كە فەرمانی دەتستبەسەربوونیان دەرچووە و لە ئەگەری بەشداریكردنیان لەم ڕێوڕەسمە نەورۆزییە، دەستبەسەر دەكرێن.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "ئیدارەی ئیتلاعات لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو چەندین جار تەلەفۆنیان بۆ ئەم دوو هونەرمەندە كردووە و داوایان لێ كردوون كە لە لاپەڕەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕابگەیەنن ڕێوڕەسمی نەورۆز لە كارەزان بەڕێوە ناچێت".
هەروەها، پێش بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە دەیان هاووڵاتیی چالاک لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەكە، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكاەوە بانگ و هەڕەشەیان لێ كرابوو.
لە لایەكی دیكەوە ڕۆژی ڕابردوو لانی كەم هاووڵاتییەكی كورد لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی كارەزان دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە. ئەم هاووڵاتییە بە هۆی پۆشینی جلوبەرگێكە ئاڵای كوردستانی پێوە بووە دەستبەسەر كراوە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەكی ورد لەبەر دەستدا نییە.