سنە؛ دەستبەسەرکردنی عەبدوڵڵا خانی، چالاکی پیشەیی و کرێکاری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

٨ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٤:٤١

هەنگاو؛ دووشەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥

عەبدوڵڵا خانی، لە چالاکانی کرێکاری و پیشەییی کورد و خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، عەبدوڵڵا خانی، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شارۆچکەی "٥ی ئازەر" لە ماڵی تایبەتی خۆیی دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە حوکوومییەکان بەبێ پێشکەشکردنی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، وێڕای دەستبەسەرکردنی عەبدوڵڵا خانی، دەستیان داوەتە پشکنینی تەواوی ماڵەکەی و بە شێوەیەکی سووکایەتی‌ئامێز و دروستکردنی ترس و تۆقاندن بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەی، مۆبایلەکانیشیانیان زەوت کردووە.

ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی زیاد کردووە کە ئەم هاووڵاتییە بەدەست نەخۆشیی جەستەیییەوە دەناڵێنێت و پێشینەی جەڵتەی دڵی هەیە، کە ئەمەش نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی تەندروستیی ناوبراو زیاد کردووە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە و سەردانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە مەبەستی زانیاری گرتن لە چارەنووس و دۆخی تەندروستیی ناوبراو، ئەم ناوەندە ئەمنییە هەتا ئێستا لە پێشکەشکردنی وەڵامێکی ڕوون لەم بارەیەوە خۆی پاراستووە.

شایانی باسە کە ئەم چالاکە پیشەیی و کرێکارییە، پێشتریش بە هۆی چالاکییەکانیەوە، پێشینەی دەستبەسەرکردنی هەبووە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە