کرماشان، کوژرانی شەهلا کاکایی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی و خۆکوشتنی هاوژینەکەی بەو هۆیەوە
هەنگاو؛ دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
شەهلا کاکایی، خەڵکی جوانڕۆ و دانیشتووی کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە لە بەرانبەر ماڵەکەی خۆیدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا. هەروەها هاوسەری ناوبراو، مەهدی (خەبات) کاکایی، کە لەگەڵ ناوبراودا بریندار بووبوو و بۆ نەخۆشخانە گواسترابوویەوە، پاش گەڕانەوە لە نەخۆشخانە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، شەهلا کاکایی، خەڵکی گوندی قەڵاجێی شارۆچکەی کڵاش سەر بە جوانڕۆ و دانیشتووی کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لەم شارە لە بەرانبەر ماڵەکەی خۆیدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لە دەست دا.
هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، مەهدی کاکایی، هاوژینی شەهلا، کە ئامۆزای ناوبراویش بووە، پاش گەڕانەوە لە نەخۆشخانە و بە هۆی لەدەست دانی هاوژینەکەی، خۆی کوشتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە شەهلا کاکایی و هاوژینەکەی لە کاتێکدا کە دەیانویست بۆ نەخۆشخانە بڕۆن، لە بەرانبەر ماڵەکەی خۆیاندا کەوتنە بەر ئامانجی تەقەی هێزە حکوومەتییەکان و شەهلا کاکایی هەر لەو کاتەدا دەستبەجێ گیانی لە دەست دا و هاوژینەکەی بریندار و بۆ نەخۆشخانە گواسترابوویەوە.
ئەم سەرچاوە زیادی کرد، ناوەندە ئەمنییەکان ئیزنیان نەداوە تەرمی شەهلا کاکایی بۆ جوانڕۆ بگوازرێتەوە و هەروەها ڕێگر بوون لە بە خاک ئەسپاردنی لەم شارەدا. شایانی باسە کە تەرمی مەهدی کاکایی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار لە گۆڕستانی حاجی ئیبراهیم لە جوانڕۆ بە خاک ئەسپێردرا.
هەر لەم پەیوەندییەدا کەناڵی سەرەخۆشییەکانی جوانڕۆ لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندان بە بڵاو کردنەوەی پۆستێک لەسەر مردنی مەهدی کاکایی وەک “هاوسەری کۆچکردوو شەهلا کاکایی” ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار گیانی لەدەست داوە و ڕێوڕەسمی ماتەمینییەکەی لە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندان بەڕێوەچووە، لەم کەناڵەدا هیچ ئاماژەیەک بە چۆنیەتیی مردنی شەهلا کاکایی نەکراوە.