نەغەدە؛ سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر ئیبراهیم ڕەحمانپوور، چالاکی کرێکاری و سیاسیی کورد
هەنگاو؛ دووشەممە ۹ی خەرمانانی ۲۷۲۶
ئیبراهیم ڕەحمانپوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی نەغەدە و چالاکی سیاسی و کرێکاری، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ۳۸ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیبراهیم ڕەحمانپوور، هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە لەلایەن یەکێک لە لقە دادوەرییەکانەوە سزای ۳۸ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم سزایە لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییە کرێکاری و سیاسییەکانی ئیبراهیم ڕەحمانپوور و بەشداریکردنی ناوبراو لە ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ساڵانی ڕابردوودا لە شاری نەغەدە دژی ناوبراو دەرچووە و پێی ڕاگەیەندراوە.
ئەم هاووڵاتییە ناڕەزایەتیی بە سزای دەرچوو دەربڕیوە و دۆسیەکەی لە ڕەوتی بەدواداچوونی دادوەریدایە. تا ئێستا زانیارییەکی ورد سەبارەت بە ئاکامی کۆتایی ناڕەزایەتییەکە لەبەر دەستدا نییە.