مەریوان؛ خۆسووتاندنی فەرەیدوون ڕۆستەمی، فەرمانبەری شارەوانی، بە هۆی گوشاری حیراسەتی شارەوانی
ههنگاو؛ یەکشەمە ۲۵ ڕەزبەری ۲۷۲۵
فەرەیدوون ڕۆستەمی، شارۆمەندێکی خەڵکی مریوان و فەرمانبەری شارەوانی شارۆچکەی کانیدیناری مەریوان، بە هۆی فشار و هەڕەشە لەلایەن بنکەی چاودێریی (حیراسەت) شارەوانیی ئەو شارە ، خۆی سووتاند.
بەپێی زانیاری گەیشتوو بە هەنگاو، لە یەکشەمە ٢٥ ڕەزبەر ۲۷۲۵ (١٦ نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، فەرەیدوون ڕۆستەمی، خاوەن بڕوانامەی کارناسی و فەرمانبەری خاوان ۶ ساڵ پێشینە لە شارەوانی کانیدینار، لەدوای ئازار و ئەزیەت و هەرەشەی بەردەوام لەلایەن حیراسەتی شاروانیی ئەو شارە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
هەنگاو ئاگادار بووە کە پاش ئەو ڕووداوە، هاوکارەکانی فەرەیدوون بە کەپسوولی ئاگرکوژێنەوە توانیان ئاگرەکە بکووژێننەوە و ناوبراو لە مردن ڕزگاری بکەن، بەڵام پاسەوان و چەکدار ە حکوومەتییەکان گەمارۆی ناوچەکەیان داوە و ڕێگرییان لە ئاگادارکردنەوەی خەڵک کردووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، فەرەیدوون ڕۆستەمی بە هۆی گوشار و سووکایەتی پێکردنی بەردەوام لە لایەن "شیما محهمهدی"، بەرپرسی حیراسەتی شارەوانیی کانی دینار و کچی کەریم محهمهدی لە ئەندامانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە .
ئەم سەرچاوەیە هەر وەها وتی کە فەرەیدوون پێشترش بە هۆی گوشارەکانی ناوبراو لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و پاش گەڕانەوە، نەک لە پلەی پێشووی، لە پلەی سەرکرێکار دەستی بە کار کردەوە. لەم چەند ڕۆژێ پێشووشدا ناچار کرا بوو کارە خزمەتێتییەکان وەکوو گسکدانی شەقام و کۆڵانی ناو شار جێبەجێ بکات، کە لە کۆتاییدا ئەو فشار و ئازارە بوو بە هۆکاری خۆسووتاندنی ئەو شارۆمەندە .
هەروەها جێگای باسە کە فەرەیدوون ڕۆستەمی، خاوەن بڕوانامەی کارناسی و شەش ساڵ پێشینەی کار لە نووسینگەی (دەبیرخانە) شارەوانی کانیدینار بوو، و شەش مانگ پێشتر بە هۆی زەخت و گوشارەکانی شیما محهمهدی لە کار دەرکراوبوو و پاشان بۆ هۆی کێشەی زۆری ئابووری ناچاربوو کە منداڵەکەی لەبار بەرێت. بەڵام بە هۆی کاردانەوەی زۆری خەڵک و کۆمەڵگا بەم دۆخەی ئەو شارۆمەندە و بنەماڵەکەی، فەرەیدوون دیسان گەڕێندرابوویەوە سەر کار.