دەستبەسەرکردن حەسەن کاکایی، هونەرمەندی بۆکانی بەهۆی خوێندنی سروودێکی شۆڕشگێڕانە لە ڕێوڕەسمی نەورۆز

حەسەن کاکەیی، هونەرمەندی ناسراو و خۆشناوی خەڵکی بۆکان بەهۆی خوێندنی سروودی حەماسیی کوردی لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لەلایەن ئیتلاعات

٥ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٩:٣٧

هەنگاو: یەکشەممە، ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

حەسەن کاکەیی، هونەرمەندی ناسراو و خۆشناوی خەڵکی بۆکان بەهۆی خوێندنی سروودی حەماسیی کوردی لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لەلایەن ئیتلاعاتی بۆکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراوە و لێی دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری بۆکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی حەسەن کاکەیی، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی خەڵکی ئەو شارە و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەریان کردووە و لێیان داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هونەرمەندە تەمەن ٦٤ ساڵە کاتژمێر ٨: ٠٠ی شەوی شەممە تاکوو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ کراوە و لێی دراوە، دواتر ئازاد کراوە.

بەگوێرەی زانیاریی کەسێکی نزیکی بنەماڵەی کاکایی، لێدان لە حەسەن کاکەیی ئەوەندە دڕندانە بووە کە شینبوونەوە و کوتراوی لەسەر دەموچاوی ئەو هونەرمەندەوە بەڕوونی دیار بووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم هونەرمەندە کوردە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارەکانی بۆکان و سەقز بەشداری کردووە و چەند گۆرانی و سروودێکی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی کوردی خوێندووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە