ماکۆ؛ هونەرمەندی کورد حەسەن ئەحمەدی دەستبەسەر کرا

٧ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١٥:٤٣

هەنگاو؛ یەکشەممه ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٥

حەسەن ئەحمەدی هونەرمەندی کورد و خەڵکی شاری ماکو کە بە نازناوی "حەسەن ڕێناس" چالاکی دەکات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،  ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (٢٧ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، حەسەن ئەحمەدی خەڵکی ماکۆ، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

حەسەن ئەحمەدی بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری دەستبەسەرکراوە و هێزە ئەمنییەکانیش بە وردی ماڵی ئەو هونەرمەندەیان پشکنیوە.

حەسەن ئەحمەدی یەکێکە لە هونەرمەندە چالاکەکانی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری شاری ماکو.

تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکرانی، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییه لەبەر دەستدا نییە.

شایانی باسە ئەم هونەرمەندە کوردە لە ڕێوڕەسمی گەورەی نەورۆز لە شاری ئورمیە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٥٠ هەزار هاووڵاتی بەڕێوەچوو، بەشداری کردبوو.

پێشتر سێ کەس لە برازا و خوشکەزای حەسەن ئەحمەدی بە ناوەکانی ئەڤین ئەحمەدی تەمەن ١٦ ساڵ، ساریا ئەحمەدی تەمەن ١٧ ساڵ و ڕۆژبین ئەفسوون کە هەموویان خەڵکی ئورمیەن، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری ورمێ بە هۆی پۆشینی جلوبەرگی کوردی کە بە ئاڵای کوردستان هەڵکەندراوە، دەستبەسەر کراون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە