گیەڵان؛ دەستبەسەرکرانی بەردین جەعفەری هونەرمەندی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز

١٥ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٠٨

هەنگاو؛ شەممە ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لە درێژەی دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد بە هۆی بەڕێوەبردن و بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت نەورۆز لە شاری ئاودانانی ئیلام تا شاری شنۆ، ئەمجارە بەردین جەعفەری (حەمزە جەعفەری) هونەرمەندی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری گیەڵان دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٣ی مەی ٢٠٢٤) هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هێرشیان کردوەتە سەر ماڵی حەمزە جەعفەری ناسراو بە بەردین لە هونەرمەندان و چالاکانی مەدەنی شاری گیەڵان و دەستبەسەریان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند:»هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا کە دەمووچاویان بە دەمامک داپۆشیبوو و چەکداریش بوون، بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و لە سەر دیوارەوە چوونەتە نێو ماڵی بەردین و کەشێکی ترسناکیان بۆ بنەماڵەکە خوڵقاند».

بەردین جەعفەری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی شاری گیەڵان کە سەرەڕایی هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان بە بەشداری زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس بەڕێوەچوو، چەندین سروودی حەماسی یەک لەوان (پایار بمێنی کوردستانەگەم) ی خوێند.

بەردین جەعفەری پێشتر بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی، نەورۆز و بەرخۆدانی عەفرین سروودی (ژن، هاوزوان، یەکەشناس ونیشتمان) ی بە زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە.

شایانی باسە بەردین جەعفەری سەرەڕایی چالاکی هونەری لە بواری مەدەنیش چالاکی هەبووە و لە کاتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماوی سەرپێڵ زەهاو و لافاوی لوڕستان ڕۆڵێکی کارای هەبووە.

بە هەژماری ئەم حاڵەتە و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو، لانی کەم ٣٢ هاووڵاتیی کوردیان بە هۆی بەڕێوەبردن و بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لە شارەکانی کارزان، ئاودانان، مەڵکشایی، ئیلام، گیەڵان، بۆکان و سنە، پیرانشار، میاندواو و شنۆ دەستبەسەر و سەدان کەسی دیکەیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکردووە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە