کەرەج؛ کوژران و برینداربوونی دوو هاووڵاتی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان

سەهەند کارگەر هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری سەحنە لە شارۆچکەی وەحدەتی کەرەج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی

٦ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٢:٣٤

هەنگاو؛ دووشەممە ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سەهەند کارگەر هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری سەحنە لە شارۆچکەی وەحدەتی کەرەج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا و یەکێک لە خزمەکانی ناوبراویش بەناوی پەیمان بەسەختی بریندارکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٤)، لە ڕەوتی ڕاوەدوونانی هێزە ئینتزامییەکان و تەقەی ڕاستەوخۆیان لەو ئۆتۆمبێلە، هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری سەحنە بەناوی سەهەند کارگەر تەمەن ٢٥ ساڵ گیانی لەدەستدا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ئۆتۆمبێلە لە جووتسایدی پاسگای شارۆچکەی وەحدەتی کەرەج لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بەر دەستڕێژی گوللە دراوە و سەهەند کارگەر سەری کراوەتە ئامانجی گوللەی ئەو هێزانە.

هەروەها کەسێکی دیکە لەو ئۆتۆمبێلەدا بەناوی پەیمان کە لە خزمەکانی سەهەند کارگەر بووە، بە سێ گوللە پێکراوە و بەسەختی بریندارکراوە و ئێستا لەژێر چاودێری تایبەتی پزیشکیدایە.

هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەر تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هەڵگری ئەو دوو هاووڵاتییە کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە