سنووری پیرانشار؛ کوشتنی شوانێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دزینی ٨٥٠ سەر مەڕوماڵاتی ئەم شوانە لەلایان سوپای پاسدارانەوە

٢١ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٢:٠٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

لە هێڵی سنووریی پیرانشار و شاری سۆران، شوانێکی گەنجی کورد بە ناوی ڕێباز سلێمان ساڵح تەمەن ٣٠ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی لەدەست دا و سەدان سەر لە مەڕوماڵاتەکەشی لەلایان ئەم هێزانەوە دزرا. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک تەرمی ئەم شوانە تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزەکانی سوپای پاسداران جێگیر لە هێڵە سنوورییەکانی پیرانشار و ناوچەی سیدەکان سەر بە شاری سۆران پارێزگای هەولێر هەرێمی کوردستان، شوانێکیان بە ناسنامەی ڕێباز سلێمان ساڵح (هەرکی) کە بۆ گەڕاندنەوەی مەڕوماڵاتەکەی نزیک سنوور بووبووەوە، داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و تەرمەکەشیان ڕفاندووە.

ئەم شوانە لە کاتێکدا کە لە لەوەڕگەکانی شاخاویی ناوچەکە خەریکی لەوەڕاندن و چاودێریی ڕانە مەڕەکەی بووە و مۆڵەتی فەرمی هەبووە، لەناکاو و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایان هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر کوشتنی ئەم گەنجە تا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە، هێزەکانی سوپای پاسداران جگە لە کوشتنی ئەم گەنجە، نزیکەی ٨٥٠ سەر لە مەڕوماڵات (مەڕ و بزن)ی ئەم شوانەیان دزیوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانه.

تەقەکردنی سنووربەزێن بەرەو هاووڵاتییان و ئاژەڵدارە سڤیلەکان، پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، ڕێککەوتنە سنوورییەکانی نێوان دوو وڵات، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان (ماددەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان) و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ نموونەی بەرچاوی چەتەگەریی سنووری و دەستبەسەرداگرتنی زۆرەملێی ماڵ و سامانی هاووڵاتییانە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە