کرماشان؛ دۆزرانەوەی تەرمی سرووش کەرەمی لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار دوای ۷ مانگ
هەنگاو؛ سێشەممە ۶ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
تەرمی سرووش کەرەمی، لاوی ۱۸ ساڵەی کورد و خەڵکی سونقوڕ و کولیایی و لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ۲۷۲۵ لە کرماشان، دوای نزیکەی ۷ مانگ (۶ مانگ و ۱۹ ڕۆژ) بێهەواڵی و ئەسپەکردنی هەڵە، بەدوای هەڵدانەوەی گۆڕ دۆزرایەوە. هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی دەکەن بە مەبەستی ناساندنی ناوبراو وەک «ئەندامی هێزه حکومەتییەکان» دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سرووش کەرەمی ڕۆژی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانباری ۲۷۲۵، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە شاری کرماشان کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان و گیانی لەدەست دا.
هەنگاو زانیویەتی کە، لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا، تەرمی سرووش کەرەمی بەهەڵە ڕادەستی بنەماڵەی گیانبەختکردوویەکی دیکە بە ناوی ئەمیرعەلی حەیدەری کرا. بنەماڵەی حەیدەری تەرمی سرووشیان بەو پێمانەی کە منداڵەکەی خۆیانە، لە گوندی «سەراوڵە» بە خاک سپاردبوو.
شەوی ڕابردوو، دوای نزیکەی ۷ مانگ بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی کەرەمی، بە ئامادەبوونی بنەماڵەکانی کەرەمی و حەیدەری، نوێنەری داواکاری گشتی و پزیشکی دادوەری، ئەو گۆڕە هەڵدرایەوە. بەپێی ئەنجامە فەرمییەکانی سەلمێندرا کە تەرمە بەخاکسپێردراوەکە هی سرووش کەرەمی بووە. هاوکات لەگەڵ دۆزرانەوەی تەرمی سرووش کەرەمی، ڕوون بووەتەوە کە تەرمی ئەمیرعەلی حەیدەری لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە گۆڕێکی بێناو و نیشان بە خاک سپێردراوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەی کەرەمی، ناوەندە ئەمنییەکان بنەماڵەی سرووش کەرەمییان خستووەتە ژێر گوشارێکی توندەوە تا ئەم لاوە ۱۸ ساڵەی ناڕازییە وەک «مامۆری حکوومەتی کوژراو لە ناڕەزایەتییەکاندا» بناسێنن و ڕاگەیاندنەکانی بەم ناوەوە بڵاو بکەنەوە.
جێگای ئاماژەیە کە، پێشتر ڕاپۆرتە نافەرمییەکان لەلایەن ژمارەیەک لە ماڵپەڕەکانی مافی مرۆڤەوە سەبارەت بە دەستبەسەرکران، پێڕاگەیاندنی تۆمەتی «موحارەبە» و مەترسیی لەسێدارەدانی ناوبراو لە بەندیخانەی دێزەڵئاوا لە کرماشان بڵاو کرابووەوە کە بەدواداچوونەکانی هەنگاو لەو کاتەدا نیشانی دا ئەم هەواڵانە نادروست بوون و سرووش کەرەمی هەر ئەو ڕۆژەی ۱۸ی بەفرانبار بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرابوو و کەسێکی وا لە بەندیخانەی دێزەڵئاوا بەند نەکرابوو.
بڕیارە تەرمی سرووش کەرەمی ڕۆژی چوارشەممە ۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ لە زێدی خۆی، گوندی «لەنجاب»ی سەر بە شاری سونقوڕ و کولیایی بە خاک بسپێردرێت.