مەهاباد؛ کوژرانی گەنجێکی ١٩ ساڵە بە دەستی هێزەکانی بەسیج، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک و مانگرتنی گشتی لە شار
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لەدوای هێرشی ژمارەیەک لە جاشەکان و ئەندامانی بەسیج لە شاری مەهاباد، گەنجێکی ١٩ ساڵەی کورد بە ناوی سیاوەش ئەلەک بە چەقۆ کوژرا. ڕوودانی ئەم ڕووداوە شەپۆلێک لە تووڕەیی گشتی، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شەوانە و مانگرتنی بەرفراوانی بازاڕییەکانی لەم شارەدا بەدوای خۆیدا هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (١ی جولای ٢٠٢٦)، سیاوەش ئەلەک، گەنجی ١٩ ساڵەی خەڵکی مەهاباد، کەوتە بەر هێرشی گرووپێک لە جاشەکان و ئەندامانی بەسیج. لە ئەنجامی ئەم پێکدادانەدا، ناوبراو بە دەستی یەکێک لە هێزەکانی بەسیج بە ناوی «نیما تەیمووری» و بە چەندین زەبری چەقۆ بە توندی بریندار کرا و گیانی لەدەست دا. ئەم پێکدادانە هەروەها بووە هۆی برینداربوونی سێ هاووڵاتیی دیکە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، ئێوارەی ڕابردوو و دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم گەنجە، کەشی ئەمنی شاری مەهاباد بە توندی ئاڵۆز بووە. کۆمەڵێکی زۆر لە هاووڵاتییە ناڕازییەکان لە بەردەم نەخۆشخانەی خومەینی مەهاباد دەستیان دایە کۆبوونەوە و دروشمی توندیان دژی هێزە حکومەتی و سەرکوتکەرەکان بەرز کردەوە. ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە کۆتاییدا بە دەستێوەردانی توندوتیژانە و ناردنی هێزەکانی دژەشۆڕش و ئەمنی بۆ ناوچەکە بەرەو توندوتیژی چوو و ناڕازییەکان بڵاوەیان پێ کرا.
لەلایەکی دیکەوە ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە هەنگاو ئاماژە بەوە دەکەن کە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕ، زۆربەی دووکاندارەکان، بازاڕییەکان و کاسبکاران لە شاری مەهاباد وەک نیشانەی ناڕەزایەتی بەم کوشتنە حکومەتییە و بەردەوامیی هەڵسوکەوتە توندوتیژەکانی هێزەکانی سەر بە سوپا و بەسیج، دەستیان دایە مانگرتنی گشتی و خۆیان لە کردنەوەی دوکان و بازار بوارد.
هەروەها، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سیاوەش ئەلەک، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرفراوانی خەڵکی تووڕەی مەهاباد بەڕێوە چوو. ئامادەبووان تەرمەکەیان بە دروشمی قارەمانانەی «شەهید نامرێت» تا گۆڕستانی شار بەڕێ کرد.
چەکدارکردن و بەخشینی پارێزبەندیی دادوەری بە هێزە جلوبەرگشەخسی و نیمچەسەربازییەکانی بەسیج، هەمیشە بواری نائارامی، کوشتنی خۆسەرانە و پێشێلکردنی مافی بنەڕەتیی ژیانی هاووڵاتییانی لە شارەکانی کوردستان ڕەخساندووە. هەڵسوکەوتە بەدەر لەیاساکانی ئەم هێزانە، نموونەیەکی ڕوونی تاوانی ڕێکخراوی دەوڵەتی و پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە.