سەوڵاوا؛ کوژرانی سام حەسەنی منداڵی تەمەن ١٥ ساڵ و برینداربوونی باوکی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزه چەکدارەکانی ئێران

١٨ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ٢٣:٢٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

لە درێژەی تاوانە سیستماتیکییەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا، منداڵێکی ١٥ ساڵەی کورد بە ناوی سام حەسەنی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا و ئەحسەن حەسەنی باوکیشی بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٩ی جولای ٢٠٢٦) هێزەکانی هەنگی سنووریی جێگیر لە گوندی «دەرەکێ» سەر بە شاری سەوڵاوا، ئۆتۆمبێلی بنەماڵەیەک لە خەڵکی ئەم گوندەیان بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت دایە بەر دەستڕێژی گوللە. هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە سام حەسەنی لە بەشی سەریەوە پێکراوە و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و باوکیشی لە بەشی ڕانەوە بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم بنەماڵەیە دوای تەواوبوونی ڕۆژێکی کاری لە باخی  گێلاسی خۆیان، لە کاتی گەڕانەوە بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بوون کە لەناکاو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کرانە ئامانجی دەستڕێژی گوللە.

جێگەی ئاماژەیە کە تەرمی سام حەسەنی بۆ ساردخانەی نەخۆشخانەی بووعەلی مەریوان گواستراوەتەوە و باوکیشی هەر لەو نەخۆشخانەیەدا لەژێر چاوەدێری دایە.

تاوانبارکردنی بژێوی هاووڵاتییان، تەقەکردن لە منداڵان و کرێکارانی ناوخۆیی لە زەوی و باخە کشتوکاڵییەکاندا، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بنەڕەتیی مافی ژیانە (ماددەی ٦)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هەروەها پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەی جیهانیی مافەکانی منداڵە کە دەوڵەتی ئێران پەسەندی کردووە.

بەپێی یاسای بەکارهێنانی چەک لە ئێران، هێزەچەکدارەکان تەنیا لە بارودۆخی زۆر نائاسایی و دوای ڕەچاوکردنی ڕێسای ورد وەک تەقەی هەوایی ئیزنی تەقەکردنیان هەیە، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا ئەم یاسایانە بە شێوەی کردەیی پشتگوێ دەخرێن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە